بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە واشنتن ئێستا دەسەڵاتی فشار و کاریگەریی زیاتری دژی ئێران هەیە.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە نوێنەرانی سێ وڵاتی کاریگەر لە ناوچەکە ڕۆژی دووشەممە لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی ئەمەریکا ئەمڕۆ دووشەممە لە پەیامێکی ئیمەیڵدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی، "ئەمەریکا لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدایە، کۆنترۆڵی تەنگەی هورمزی بەدەستە و ئابووری ئێرانیش لە ڕووخاندایە."
بەرپرسەکە لە درێژەی ووتەکانیدا ڕایگەیاند، "ئێران وێران کراوە، و بە هەر شێوەیەک بێت ململانێکە لە ئێران زۆر بەزوویی کۆتایی دێت. سەرۆک ترامپ هەموو کارتەکانی لە دەستدایە و ئەوە دەکات کە باشترینە بۆ ئەمەریکا."
سەرۆک دۆناڵد ترامپ گوتی ئەمەریکا بژاردەکان هەڵدەسەنگێنێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەی ڕژێمی تاران، و واشنتن هانی ئێرانی دا کە بگاتە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکا سەبارەت بە بەرنامە ناوەکییەکەی.
ئەو بەرپرسە باڵایە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وەک سەرۆک ڕایگەیاندووە، بە شێوەیەکی سیستەماتیک لەناوبراون، هەم لە ڕووی سەربازییەوە و هەم لە ڕووی داراییەوە، و ئەگەر زۆر بەخێرایی ڕێچکەکەیان نەگۆڕن، بەم زووانە کارەکە تەواو دەکەین."
بەرپرسە ئەمەریکاییەکە ئێرانی بە "وڵاتێکی شکستخواردوو" ناوبرد، کە لەژێر سزاکانی ئەمەریکا و گەمارۆی دەریاییدا تاران "بە تەواوی بێ پارە" ماوەتەوە.
ڕۆژی دووشەممە، وەزیری بەرگریی سعودیە شازادە خالید کوڕی سەلمان کوڕی عەبدولعەزیزی سعود و فەرماندەی سوپای پاکستان عاسم مونیر و سەرۆکی هەواڵگری تورکیا ئیبراهیم کاڵین لە تاران بوون بە مەبەستی دانوستاندن لەگەڵ سەرۆکی ئێران مەسعود پزشکیان و بەرپرسانی تر. کۆبوونەوەکە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی ململانێی هەرێمیی نێوان ئەمەریکا و ئێران، و نێوان سعودیە و یاخیبووانی حوسی لە یەمەن کە ئێران پشتیوانیان دەکات.
ئەم دوو ململانێ جیاوازە بەڵام پەیوەندیدارانە کێشەیان بۆ دابینکردنی وزە دروستکردووە، چونکە هێزەکانی ئێران هێرش دەکەنە سەر کەشتیوانیی دەریایی لە ڕێگەی تەنگەی هورمزەوە و کۆمەڵەی تیرۆریستیی حوسیش بە درۆن و موشەکی باڵیستی هێرش دەکاتە سەر بنکە نەوتییەکانی سعودیە.
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی سعودیە لە بڵاوکراوەیەکدا گوتی گەشتی وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە و نوێنەرانی دوو وڵاتی دیکە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە بەردەوامانەدایە بۆ "کەمکردنەوەی گرژی لە نێوان لایەنەکانی قەیرانی ئێستا و هاندانی دایالۆگ و چارەسەری دیپلۆماسی."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیسماعیل بەقایی، دووشەممە لە تاران بە ڕۆژنامەنووسانی گوت کۆبوونەوەکە باسی ئاسایشی هەرێمی دەکات و دەکرێت ببێتە هۆی هاوکاریی فراوانتر لە نێوان وڵاتانی هەرێمەکە.
ئەمەریکا چاودێریی شوێنە ناوەکییەکانی ئێران دەکات
سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمەریکا چاودێریی گەشەسەندنەکانی دەوروبەری شوێنە ناوەکییەکانی ئێران دەکات، بەڵام گوتی هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەگەری کردەی سەربازیی دژی ئێران نەداوە.
ترامپ ڕۆژی یەکشەممە لە شاری دیترۆیتی ویلایەتی میشیگان بە کەناڵی فۆکسی ناوخۆیی گوت، "چاودێری هەموو شوێنە ناوەکییەکان دەکەین. ئەگەر هەر جووڵەیەک لە شوێنێک هەبێت، دەزانین دەبێت چی بکەین، بەڵام هیچ جووڵەیەک نابێت."
لە چاوپێکەوتنێکی تردا پرسیار لە ترامپ کرا: ئایا ئێران هەوڵ دەدات هەندێک لەو بنکە ناوەکییانە دروست بکاتەوە کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا کرانە ئامانج، و فوردۆ و نەتەنز و ئەسفەهانیشی گرتەوە؟ سەرۆکی ئەمەریکا لە وەڵامدا وتی، "بە تەواوی دەزانین لە چیای کوڵنگ چی ڕوودەدات، و دەزانین ئەو سێیانەی تر لەناوبراون... چاودێری دەکەین. ڕێگەی چوونەژوورەوەمان هەیە بۆ ناو هەموو ئەو شوێنانەی کە تەقاندووماننەوە." هەروەها ڕایگەیاند، "ئێمە یاری ناکەین."
ترامپ وتی ئەمەریکا بەردەوامە لە هەڵسەنگاندنی بژاردەکانی دژی ئێران.
وتیشی، "بڕیارێکم لەسەرە: ئایا کۆتایی پێ بهێنم، کە زۆر ئاسان دەبێت، یان ڕێککەوتن بکەم؟ ئەوە بابەتەکەیە."
ململانێی سعودیە و حوسییەکان
کۆبوونەوەکەی تاران لە کاتێکدایە کە ململانێیەکی توند لە نێوان گروپی تیرۆریستی حوسی ،کە ئێران پشتیوانیان دەکات، و سعودیەدا هەیە.
حوسییەکان دووشەممە ڕایانگەیاند دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆی سعودیە "پارێزراو نین" و هۆشدارییان دا لە وەبەرهێنان لە پیشەسازیی نەوتی ئەو وڵاتەدا، و گوتیان بەهۆی هێرشەکانیانەوە بەهای لەدەست داوە. ڕۆژێک پێشتر، حوسییەکان ڕایانگەیاندبوو هێرشێکی موشەکییان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی خالید لە ڕیاز و هێرشی موشەکی بالیستییان کردووەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سعودیە.
لیوا تورکی مالکی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی بە سەرکردایەتیی سعودیە، دووشەممە گوتی وەڵامی هێرشەکانی حوسییەکانیان داوەتەوە بە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی حوسییەکان و لەناوبردنی پێنج تونێل کە بۆ هەڵگرتنی موشەکی بالیستی بەکاردەهاتن، لەگەڵ چوار شوێنی هەڵدانی موشەکی بالیستی و یەک کۆگای موشەک.
ئەمە لە کاتێکدایە پەرلەمانی میسر هەر ئەمڕۆ دووشەممە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ بڕیارێکی پەسەند کرد کە ڕێگە بە سەرۆک عەبدولفەتاح سیسی دەدات یارمەتیی سەربازیی بەرگریی بدات بە سعودیە، وەک وەڵامێک بۆ هێرشی حوسییەکان.