پوتن ڕۆژی سێشەممە لە مۆسکۆ لەگەڵ پزشکیان و ئەمیری قەتەر کۆدەبێتەوە

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا سبەی سێشەممە لە مۆسکۆ لەگەڵ مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر کۆدەبێتەوە.

یوری ئوشاکۆڤ یاریدەدەری کرێملین ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کۆبوونەوەکان دوای ئەوەی پوتن میوانداری سەرکردەکانی وڵاتانی هەناردەکاری گاز دەکات لە مۆسکۆ ئەنجام دەدرێن.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە مۆسکۆ بڕیارە میوانداری لوتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی هەناردەکاری گاز بکات. بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کرێملین وردەکاری زیاتری سەبارەت بە چڕبوونەوەی وتووێژە سێ قۆڵی یان دووقۆڵییەکانی پوتین لەگەڵ سەرکردەکانی ئێران و قەتەر بڵاونەکردووەتەوە.

هەروەها ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە دانوستانەکانی تاران و واشنتن گەیشتووەتە بنبەست و ئەمەریکا و ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڕەشەی سەربازییان لە دژی ئێران زیاد کردووە.