ڕۆژی دووشەممە دەزگای دادوەریی عێراق فەرمانی دەستگیرکردن و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش فەرمانی لێکۆڵینەوەی بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسان دەرکرد بە هۆی هەڕەشەکردنی بە ئەنجامدانی "یاخیبوونی مەدەنی" دژ بە بڕیاری داخستنی خاڵێکی سنوریی لە نێوان عێراق و ئێراندا.
حکومەتی عێراق هەفتەی ڕابردوو خاڵی سنوریی میسانی بە ڕووی هاتووچۆی گەشتیاران و شمەکدا داخست، ئەو بڕیارەش بووە مایەی ڕەخنەی توندی ئەو لایەن و سیاسەتمەدارە عێراقییانەی کە لە ئێرانەوە نزیکن.
بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە بەیاننامەیەکدا حکومەتی عێراقی بەوە تۆمەتبار کرد گوایە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی فشارەکانی ئەمەریکاوە.
مستەفا دەعیر عەبدولحەسەن، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسان، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند بڕیارەکە کاریگەری خراپی لەسەر گوزەرانی هاووڵاتیان هەیە و هانی خەڵکی دا بەوەی پەنا بەرن بۆ "یاخیبوونی مەدەنی و میسان داببڕێنن لە تەواوی عێراق" ئەگەر خاڵە سنورییەکە نەکرێتەوە.
مستەفا دەعیر بە کەسێکی نزیک لە سادیقون دادەنرێت کە باڵی سیاسی عەسائیبی ئەهلی حەقە و لەلایەن قەیس خەزعەلییەوە ڕابەرایەتی دەکرێت.
نوسینگەی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت کە فەرمانی لێکۆڵینەوەکە لەبەرئەوەیە مستەفا دەعیر "هەڕەشەی بەرپاکردنی یاخبوونیی مەدەنی کردووە ئەگەر داواکارییەکانی بۆ کردنەوەی خاڵی سنوریی شیب جێبەجێ نەکرێن. هەروەها لێدوانەکانی زمانی نەشیاویان تێدابووە."
سەرۆک وەزیران وتی کە فەرمانەکە جەخت دەکاتە سەر پێویستیی سەروەری یاسا و پەیڕەوکردنی ڕێکارە دەستوریی و ئیدارییەکان لەکاتی باسکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بابەتە ئیدارییەکاندا.
بەرپرسانی حکومەتی عێراق دەڵێن داخستنی مەرزی شیب لەبەر هۆکاری تەکنیکی بووە و ناڕەزایەتیش دەردەبڕن بەوەی لە سنورەکانی ئێران چالاکیی نایاسایی وەک قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەکان و پارە سیپکردنەوە هەیە. بەڵام بڕیارەکە لە عێراق کاردانەوەی جیاوازی لێ کەوتووەتەوە و هەندێک لایەن دەڵێن بەهۆی فشارەکانی ئەمەریکاوەیە لەسەر حکومەتی عێراق.
دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی بە کۆشکی سپییەوە کرد، بەڵام حکومەتی ئەمەریکا هەتا ئامادەکردنی ئەم بڕیارە هەڵوێستی لەسەر ئەم بابەتە دەرنەبڕیوە.
میدیای فەرمیی ئێران ڕایگەیاند کە تاران پێشوەخت ئاگادار نەکراوەتەوە لەوەی خاڵی شیب دادەخرێت. وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران عەلی زەینیڤاند ڕایگەیاند بابەتەکە لەبەر لێکۆڵینەوەدایە.