ئیسرائیل دەڵێت دوو فەرماندەی سەربازی حەماس لە کەرتی غەززە کوژراون

سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی ناوخۆی وڵات، شین بێت ڕایانگەیاند لە دوو هێرشی جیادا لە کەرتی غەززە، محەمەد حەلاوە، فەرماندەی بەشی هەواڵگری سەربازی باڵی سەربازی حەماس و ئەحمەد زوهێر فوئاد ئەبو عودە، فەرماندەی باڵی دیکەی ئەو گرووپەیان کوشتووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی سوپای ئیسرائیل، حەلاوە ڕۆژی شەممە لە هێرشێکدا لە ناوچەی شاری غەززە و ئەبو عودە لە هێرشێکی ڕۆژی پێنجشەممەدا کراونەتە ئامانج.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو دوو فەرماندەیە ڕۆڵیان هەبووە لە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئیسرائیل و هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە لە کاتی شەڕدا و بەتایبەتی لەم ماوەیەی دواییدا هەوڵیان داوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی توانا سەربازییەکانی حەماس.

ئاژانسەکە هەروەها ڕایگەیاندووە کە بزووتنەوەی حەماس بەردەوام ئاگربەستی پێشێل کردووە و هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکان لە ناوچەکەدا.