نەتانیاهو وێنەیەکی گرافیکی سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئەتۆمی ئێران بۆ سەر تەلئەڤیڤ بڵاودەکاتەوە

بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە هەژماری ئێکسی خۆی وتەکانی یوڤاڵ بلومبێرگ، شرۆڤەکاری ئیسرائیلی لەگەڵ وێنەیەکی گرافیکی سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئەتۆمی ئێران بۆ سەر تەلئەڤیڤ بڵاوکردووەتەوە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە دووبارە بڵاوکردنەوەی لێدوانەکانی یوڤاڵ بلومبێرگ جەختی لەوە کردووەتەوە بەرنامەی ناوکی ئێران، هەڕەشەیەکی جددییە و بلومبێرگ لە قسەکانیدا داوای کردووە ئیسرائیل سەرنجی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران بێت بە کەڵک وەرگرتن لەو دوو ساڵ دەرفەتەی لە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ ماوەتەوە.

بلومبێرگ دەڵێت بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە دەتوانێت هەڕەشەیەکی وجودی بێت بۆ سەر ئیسرائیل و دەشڵێت ناکۆکی و پرسە سیاسییە ناوخۆییەکانی دیکەی وڵاتەکە بە بەراوردکردن بەم مەترسییە کەمتر گرنگن.

هەروەها هەندێک لە مشتومڕی سیاسی و میدیایی لە ئیسرائیل بە هۆکارێک ناو بردووە کە سەرنجی خەڵک لەو ئەرکە بەلاریدا دەبەن کە بە گرنگترین ئەرکی وڵاتەکەی ناوی بردووە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەو دوو ساڵەی لە سەرۆکایەتی ترامپ ماوە، ئەم ماوەیەی بە دەرفەتێک زانیوە بۆ تەواوکردنی ڕێوشوێنەکانی دژ بە ئێران و داوای کردووە هەموو سەرچاوەی پێویستی حکومەتی ئیسرائیل بۆ ئەم ئامانجە تەرخان بکرێت.

لە کۆتاییدا هۆشداری دەدات لەوەی کە ڕەنگە نەوەکانی داهاتوو سەرکردەکانی ئیسرائیل لۆمە بکەن بەهۆی لەدەستدانی ئەم دەرفەتە مێژووییەوە، هەروەها داوای لە دەنگدەران کرد کە دەرئەنجامی بڕیارەکانیان بۆ ئاسایشی ئیسرائیل و خێزانەکانیان لەبەرچاو بگرن لەکاتی هەڵبژاردنی سەرکردە سیاسییەکاندا.