ماسک: ئۆکرانیا یاسا و ڕێساکانی ستارلینکی پێشێل کردووە

ئیڵان ماسک بۆ یەکەمجار باسی لە پچڕانی خزمەتگوزاری مانگی دەستکردی ستارلینکی ئۆکرانیا کرد و نووسیویەتی ئۆکرانیا مەرجەکانی خزمەتگوزاری پێشێل کردووە بە بەکارهێنانی ستارلینک "بۆ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کوشتنی خەڵک."

ماسک لە پۆستێکدا لە ئیکس ئاماژەی بەوەشکردووە هەفتەی ڕابردوو کۆمپانیای سپەیس ئێکس خزمەتگوزارییەکانی بەم هۆیەوە ڕاگرتووە، بەڵام وردەکارییەکی زۆری لەو بارەوە نەخستووەتەڕوو. ناوبراو وتی جیاوازی هەیە لە نێوان ستارلینکدا کە بۆ خزمەتگوزاری مەدەنی بەکاردەهێنرێت لەگەڵ ستارشیڵد کە سیستەمێکە لەلایەن کۆمپانیای سپەیس ئێکسەوە دروستکراوە و لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە کۆنترۆڵ دەکرێت.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان گەڕاونەتەوە بۆ خێرایی ئاسایی خۆیان. ئەو لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا وتی "خێراییەکان ئێستا لەو شوێنەن کە پێویستە لێی بن، گەڕانەوەکە دوێنێ شەو دەستیپێکرد و تا بەیانی ئەمڕۆش خێراییەکانیان باش بووە."

هەروەها وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە خێرایی کارایی سیستەمی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینک و هەروهها ستارشیڵد گەڕاوەتەوە بۆ ئاستێکی بەرز، ئەمەش دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە سنووردارکردنیان کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی پەکخستبوو.

کۆمپانیای سپەیس ئێکس ڕۆژی شەممە لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرێس جەختی لەوە کردەوە کە هیچ گۆڕانکارییەکی لە ستارشیڵددا نەکردووە کە حکومەتی ئەمەریکا کۆنتڕۆڵی دەکات. کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکردووە گۆڕانکارییەکان لە ستارلینکدا کراوە ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئۆکرانیا ئەو سیستەمەی بۆ "هێرشی ئاسمانی" بەکارهێناوە.

کۆمپانیاکە نووسیویەتی خزمەتگوزاری ستارلینک دەگەڕێنێتەوە بۆ ئۆکرانیا بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو سیاسەت و ئەولەویەتانەی حکومەتی ئەمەریکا بگونجێت کە لە ئێستادا گرتویەتییە بەر.

سێرهی ستێرێنکۆ، ڕاوێژکاری پێشووی وەزیری بەرگری ئۆکرانیا قسەکانی ماسکی ڕەتکردەوە و لە چاوپێکەوتنێکدا پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە بەکارهێنانی ستارلینک بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان "لە ڕووی تەکنیکییەوە مەحاڵە" و "ئۆکرانیا مەرجەکانی بەکارهێنانی پێشێل نەکردووە."