پاش زیاتر لە سێ دەیە لە دوای شەڕی کەنداوی ساڵی 1991، ئەمڕۆ شەممە، لە واشنتن یادگارێکی نیشتمانی بۆ ڕێزلێنان لە نزیکەی 700 هەزار سەرباز و ئەندامی هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا کرایەوە کە بەشداریان لە ئۆپراسیۆنی قەڵغان و گەردەلوولی بیابان کردووە.
ئەم یادگارە بۆ ڕێزلێنان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دروست کراوە کە دوای داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە لە ساڵی 1990 پێکهێنرا بۆ ئازادکردنی ئەو وڵاتە. ئامانج لە یادگارەکە ئەوەیە کە هۆشیاری سەبارەت بە هەردوو ئۆپراسیۆنەکە بڵاوبکاتەوەو و ڕۆڵی هاوپەیمانیی ئەو 34 وڵاتە بەرزڕاگرێت کە هاوپەیمانی وەدەرنانی هێزەکانی عێراق بوون لە کوەیت.
لە ساڵی 1990دا، پاش ئەوەی ڕژێمی سەدام حوسێن کوەیتی داگیرکرد، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئۆپراسیۆنی قەڵغانی بیابانیان دەستپێکرد بۆ پاراستنی عەرەبستانی سعودیە. پاشان لە ساڵی 1991دا، ئۆپراسیۆنی گەردەلوولی بیابان بە هێرشی ئاسمانی و زەمینی هێزەکانی سەدامی لە کویت وەدەرنا و ئەو وڵاتەی ئازادکرد.
لە ناو یادگارەکەدا پەیکەری سەربازی و نووسینەوەی مێژوویی هەڵکۆڵراو لەسەر بەرد و "قەڵغانی یەکگرتوویی" کە لە برۆنز دروستکراوە بەرچاو دەکەون، هەروەها ناوی وڵاتە هاوپەیمانەکانی لەسەر تۆمار کراوە.
ڕێکخەران دەڵێن ئامانج لەم پڕۆژەیە پاراستنی مێژوو قوربانیدانی یەکێکە لە گرنگترین ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سەدەی ڕابردوو.
تێچووی دروستکردنی ئەم یادگارە نزیکەی 45 ملیۆن دۆلار بووە. لە ساڵی 2014دا، کۆنگرێسی ئەمەریکا مۆڵەتی دروستکردنی داو چەندین وڵات و سەدان کۆمپانیاو کەسایەتی پشتگیریی دارایییان بۆ دروستکردنی ئادگارەکە دابین کرد.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی یادگارەکەدا، بەرپرسانی حکومەتی ئەمەریکا و نوێنەرانی وڵاتان و کۆمەڵێک لە سەربازانی دێرینی ئەمەریکایی بەشدار بوون.
کردنەوەی ئەم یادگارە ئەنجامی هەوڵێکی چەندین ساڵەیە بۆ ڕێزلێنان لەوانەی کە لە شەڕی کەنداودا بەشدارییان کردووە.