دوو ساڵە قەیرانی داخستنی پەرلەمان و پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامه

دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە 20ـی دەی 2024 تێپەڕی و هێشتا پەرلەمان کارا نەکراوە و حکومەتی نوێش پێک نەهێنراوه.

لە ساڵیادی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکات و ڕای گەیاندووە "كاراكردنەوەی پەرلەمان نابێت ببەسترێتەوە بە هیچ بەرژەوەندی و ململانێیەكی سیاسیی و حزبییەوە."

سوبحی مەندەلاوی، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت کە دواکەوتنی ئەم پرۆسەیە زیانی بە ناوبانگی هەرێم گەیاندووە چونکە دەزگاکانی یاسادانان و چاودێری ناچالاک ماونەتەوە.

مەندەلاوی ئەوەشی خستۆتەڕوو کە زۆرێک لە ناکۆکییەکان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان چارەسەرکراون و ئارەزوویەکی ئاشکرا هەیە هەردوولا بگەن بە ڕێککەوتن.

غەیاس سورچی، ئەندامی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا باسی لەوە کرد کە هاوپەیمانێتی حزبەکەی لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ هێزێکی پەرلەمانیی کاریگەری لە هەرێمی کوردستان دروست کردووە.

سورچی ئەوەشی باسکرد کە پارتەکەی 23 کورسی لە پەرلەمانی کوردستان هەیە و جوڵانەوەی نەوەی نوێ 15 کورسی هەیە، بەمەش کۆی کورسییەکانی هەردوولا گەیشتە 38 کورسی، جگە لە پشتیوانی نوێنەرانی جڤاتی مەسیحی لەو کورسیانە.

سورچی بە دەنگی ئەمەریکای وت، "پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان دان بەو هاوپەیمانێتییەدا بنێت کە حزبەکەی لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ دروستی کردووە و بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ دانوستان لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ".

بە وتەی سورچی، مشتومڕی سەرەکی لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و پۆستە گرنگەکانی حکومەتە. وتیشی یەکێتی سوورە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان بە رێژەی 50٪ بۆ هەر لایەک.

لای خۆیەوە مستەفا عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " ئێمە ناچالاککردن و دواخستنی کاری پەرلەمان و کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتی بە هەڵەیەکی گەورە دەزانین. بەرپرسیارێتی سەرەکی دواخستنی ئەم پرۆسەیە هەم لە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەم یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە."

هەروەها وتیشی "کاتێک بانگهێشت بۆ کۆبوونەوەی سوێندخواردنی پەرلەمان کرا ئێمە لە هەردوو بۆنەدا ئامادە بووین و بەشداریمان لە کۆبوونەوەکاندا کرد. بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ دامەزراوەی شەرعی پەرلەمانی کوردستان زۆر لاواز بووە. ئێستا هەرێم بۆتە دوو زۆن و دوو ئیدارە و دوو حکومەت."

هەڤاڵ زاخۆیی، ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەم گرژیە سیاسییە و جیاوازییە بنەڕەتییانە لە بۆچوون و شێوازە سیاسییەکاندا بەتایبەتی لەنێوان پارتی دیموکراتی و یەکێتی وای کردووە پەرلەمان نەتوانێت کۆبوونەوەکانی ئەنجام بدات. ئەم دۆخە کاریگەریی لەسەر تەواوی کۆمەڵگەی کوردی هەبووە و لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دۆخێکی نائومێدی و چاوەڕوانی لەنێو خەڵک و نوخبەی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا هەیە."

سەبارەت بە کاریگەریی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق زاخۆیی وتی، "بێگومان کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەم مەسەلەیە دەبێت. چونکە لایەنی ناوخۆ و تەنانەت نێودەوڵەتیش هەن چاوەڕێی سوودوەرگرتن لەم دۆخەی هەرێمی کوردستان دەکەن. سەرەڕای چەندین کۆبوونەوە و دانوستانی نێوان هەردوو حیزب بۆ چالاککردنی پەرلەمان، تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی بەرجەستە بەدەست نەهاتووە."

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممە سەرنجی خستە سەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم قەیرانە و هۆشداریدا کە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت متمانەی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان بە هەرێم لاواز دەکات. تاڵەبانی ئەم قەیرانەی بە "خاڵێکی ڕەش" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە دۆستەکانی هەرێم لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی وردە وردە هیوایان بە توانای لایەنە کوردییەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە دەست دەدەن. داوایکرد بەبێ دواکەوتن هەنگاو بەرەو پێکهێنانی حکومەت بنرێت.