واڵتز: ئەمەریکا ئامادەیە بۆ ئەگەری درێژەکێشانی ململا‌نێ لەگەڵ ئێران

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دایە ئێران لەوەی دەبێت بگاتە "ڕێککەوتنێکی مانادار" لەسەر پرسی ئەتۆمی، ئەگەر نا ئەمەریکا گوشارە ئابوورییەکانی توندتر دەکات و ئامادەیە بۆ ئەو ئەگەرەی ململانێکە درێژە بکێشێت.

مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی فاینانشەڵ تایمز ڕایگەیاند ئەمەریکا توانای ئەوەی هەیە گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران بۆ ماوەیەکی درێژتر بەردەوام بکات، بە مەبەستی زیادکردنی گوشاری ئابووری لەسەر تاران.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی ئەگەری ئەوە هەیە تەنانەت دوای ساڵێکیش، هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەدەست نەیەت.

واڵتز گوتی هیوادارە ئێران پێش ئەو کاتە بە شێوەیەکی جدی بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا ئامادەیی هەیە بۆ ئەگەری درێژەکێشانی ململانێکە و گوشارە ئابوورییەکانی لەسەر تاران توندتر دەکات.

ئەو ڕوونی کردەوە کە واشنتن تەنها کاتێک ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆی بە بەدیهاتوو دەزانێت کە کەرەستە ئەتۆمییەکانی ئێران، کە بە ڕێژەیەکی بەرز یۆرانیۆمی تێدا پیتێنراوە، لەناو ببرێن و ڕێککەوتنێکی جدی لەسەر پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوخۆی ئێراندا بەدەست بێت.

لێدوانەکانی واڵتز لە کاتێکدا دێن ڕاپۆرتە هەواڵییەکان باس لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران دەکەن.

سەرۆک ترامپ دوێنێ پێنجشەممە لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ئاماژەی دا بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان و ڕایگەیاند، "زەبرێکی وێرانکەرمان لێیان داوە، ئەگەریش هەیە تۆزێکی دیکەش لێیان بدەین."