وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا: دورگەی خارگ بووەتە مۆنیومێنت

سکۆت بێسێنت وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی 22ـی مانگی دە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەی مانگە دەستکردەکانی دورگەی خارگی ئێرانی بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی ''دورگەی خارگ بووەتە مۆنیومێنت.''

هەروەها دەڵێت، "ڕژێمی ئێران ئێستا هیچ شتێک بەرهەم ناهێنێت جگە لە شکست."

ئەمە لە کاتێکدایە کە وێنەی مانگە دەستکردەکان کەناراوەکانی ئەم دوورگەیە بە چۆڵی نیشان دەدەن لە کاتێکدا پێشتر زۆرینەی نەوتی ئێران لەوێوە بۆ بازاڕەکانی جیهان دەگوازرایەوە.

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا سەرنجی خستووەتە سەر بارودۆخی ئابووریی خەڵکی ئێران و دەڵێت ''ڕژێمی ئێران بە خۆبەزلزانین و شەڕانگێزی بووەتە هۆکاری سزادانی هاووڵاتییانی ئێران.''

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، ''ئۆپەراسیۆنی بێبەشکردنی ئابووریی ئێران سەرچاوەی نەوتی ڕژێمەکە دەبڕێت کە بۆ دابینکردنی بودجەی تیرۆر و پێگە ئەتۆمییەکان و ژیانی خۆشی سەرکردەکانی پاسداران سوودی لێ وەرگیراوە.''

هەروەها دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکاش ڕای گەیاندووە کە نەوتی وڵاتانی دیکە [جگە لە نەوتی ئێران] بە ڕێژەیەکی زۆر بە گەرووی هورمزدا هاتوچۆ دەکات و بابەتێکی واڵ ستریت جۆرناڵی دووبارە بڵاو کردۆتەوە کە دەڵێت ''ئێستا نەوتی زیاتر لە کەنداوی پارسییەوە دێتە دەرەوە بە بەراورد بە پێش دەستپێکردنی جەنگی ئێران.''

ئەمە لە کاتێکدایە کە لایەنی ئێرانی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەوان گەرووی هورمزیان کۆنتڕۆڵ کردووە و هەر کەشتییەک بە گوێرەی ڕێنماییەکانی ئێران هاتوچۆ نەکات مەترسی تێکشکاندنی لەسەرە.

لە دوایین پۆستیشیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروث، دۆناڵد ترامپ هێرشەکانی ئێرانن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان بە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەمەریکاوە گرێ دەدات و دەڵێت، ''ئێران هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی نرخی نەوت پێش هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەرز بکاتەوە.''

لە ناوخۆی ئەمەریکادا بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی ناڕەزاییی هاوڵاتییانی بە دوای خۆیدا هێناوە و کاندیدانی دیموکراتەکان ئەمە بە هێرشی سەر ئێران گرێ دەدەنەوە. لەو بارەیەوە ڕەخنە لە بەڕێوەبەرایەتیی دۆناڵد ترامپ دەگرن و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەم جەنگە بەبێ ڕەزامەندیی کۆنگرێس بەڕێوە چووە و نایاساییە.

ترامپ لە بەرامەبەردا دەڵێت هەوڵی داوە مەترسی ئێران لەسەر ئاسایشی جیهان بە تەواوی بنەبڕ بکات و نایەوێت سەرۆکەکانی داهاتووی ئەمەریکا ناچاربن بەردەوام مامەڵە لەگەڵ ئەگەری بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی لەلایەن ئێرانەوە بکەن.