ڕێکخراوی هیوا لە ئەڵمانیا سکاڵا دژی سەرکوتکردنی کورد و بەلوچ لە لایەن ئێرانەوە تۆمار دەکات

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هیوا، کە بنکەی سەرەکی لە واشنتنە و چاودێری دۆخی پێکهاتەکانی ئێران دەکات، سکاڵایەکی پێشکەشی داواکاری گشتیی فیدراڵی ئەڵمانیا کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرکوتکردن و جیاکاریی ڕەگەزی دژ بە نەتەوەت کورد و بەلوچ لە ئێران، وەک بەشێک لە لێکۆڵینەوە لە تاوانە ئەگەرییەکانی دژی مرۆڤایەتی.

بەپێی ڕێکخراوەکە، سکاڵاکە پەیوەندی بە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە ساڵانی 2022 و 2023 و کوشتنی خۆپیشاندەران لە سەرەتای ئەمساڵ و و شەپۆلی سەرکوتکارییەکانی دواتر هەیە.

ڕێکخراوی هیوا داوا دەکات دەزگا دادوەرییەکانی ئەڵمانیا بەڵگەکانی ئەو سەرکوتکارییانە بپارێزن و لە بەرپرسیارێتیی تاوانی ئەو کەسانە بکۆڵنەوە کە لە ئێران ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە سەرکوتکردنەکاندا کردووە، یان وەک فەرماندە و بڕیاردەر لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیان لەو کردەوانەدا هەبووە.

بەپێی پارێزەری بەرپرس لە سکاڵاکە، ئەمە یەکەم داواکارییە لە ئەڵمانیا کە بە تایبەتی داوای لێکۆڵینەوە لە سەرکوتکردن و جیاکاری دژ بە کورد و بەلوچ لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەییان دەکات.

سەردار پاشایی، بەرپرسی ڕێکخراوی هیوا، بە دەنگی ئەمەریکای گوت کە بەهۆی سروشتی سیستەمی دادوەریی کۆماری ئیسلامی، قوربانیانی سەرکوتکارییەکان ناتوانن لە ناوخۆی ئێران بەدوای دادپەروەریدا بگەڕێن.

پاشایی گوتی، "ئەو کەسانەی زیندانی کراون و ئەشکەنجە دراون، یان دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتە سەر، یان منداڵەکانیان لە ناڕەزایەتییەکاندا بە تەقەی گولـلە کوژراون، سکاڵاکانیان ببەنە کوێ کاتێک دادوەر، داواکاری گشتی و پارێزەرانی حکوومەت خۆیان بەشێکن لە سیستەمی سەرکوت و تاوان؟"

بەرپرسی ڕێکخراوی هیوا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەگەر سنووردارییەکانی ناوخۆی ئێران ڕێگری لە بەدیهاتنی دادپەروەری دەکەن، نابێت ئەم دۆخە لە دەرەوەی وڵاتیش دووبارە بێتەوە و ببێتە هۆی دەستهەڵگرتن لە هەوڵدان بۆ دادپەروەری."

بەپێی پاشایی، ئامانجی ئەو هەنگاوە ئەوەیە هیوا بە بنەماڵەی قوربانیان ببەخشێت و لە هەمان کاتدا پەیامێک بگەیەنێتە بەرپرسانی حکومەتی ئێران کە "سبەی ڕۆژێ، بۆ هەر کوێیەک بچن، سەرئەنجام ڕووبەڕووی بەدواداچوونی دادوەری دەبنەوە."

پێشکەشکردنی ئەم سکاڵایە بە مانای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی یان دەرکردنی تۆمەت نییە و بڕیار لەسەر هەنگاوە دادوەرییەکانی دواتر لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئەڵمانیاوە دەدرێت.