بەرپرسی کاروباری ئەمەریکا لە عێراق لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێم کۆدەبێتەوە

ستیڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، ڕۆژی چوارشەممە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی باڵای سیاسی کۆبووەوە و جەختی لە بەردەوامی هاوکاری ئەمەریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە.

فەیگن بە یاوەری وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر، دیداری لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەنجام دا.

مەسرور بارزانی دوای دیدارەکە ڕایگەیاند کە هەردوو لا هاوڕا بوون لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.

بارزانی گوتی فەیگن پابەندبوونی ئەمەریکای بە بەردەوامی پشتیوانیکردنی هەرێم دووپات کردووەتەوە. هەروەها لە دیدارەکەدا جەخت لە پێویستی کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کراوەتەوە.

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداشەوە، بارزانی داوای کردووە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027، بەپێی ڕێژەی 14.14 لە سەدی دانیشتووانی هەرێم تەرخان بکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، قوباد تاڵەبانی دیدارەکەی لەگەڵ فەیگن بە "پڕناوەڕۆک" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە هەردوو لا لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی خێرای کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و خێراکردنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم هاوڕا بوون.

لە دیدارێکی دیکەدا لە پیرمام، فەیگن لەگەڵ مەسعود بارزانی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، سەرۆکی پارتی جەختی لە پابەندبوون بە دەستووری عێراق و پاراستنی مافەکانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە. هەروەها پشتیوانیی خۆی بۆ مافەکانی پێکهاتەکان، بە تایبەتی مەسیحییەکان و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان دووپات کردووەتەوە.

بارزانی گوتوویەتی هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە ململا‌نێکانی ناوچەکە و پشتیوانی لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ و دیپلۆماسی دەکات.

لە بەرامبەردا، شاندە ئەمەریکییەکە ڕایگەیاندووە کە کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، بە مانای کۆتاییهاتنی پابەندیی ئەمەریکا بەرانبەر عێراق و هەرێمی کوردستان نییە.

شاندەکە جەختی کردووەتەوە کە واشنتن لە بواری ئاسایشی، سیاسی، ئابووری و سەربازییەوە، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی سەقامگیری و هاوبەشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان.