بەریتانیا فڕۆکەی جەنگی بۆ بەرگریکردن لە سعودیە دەخاتە گەڕ

وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە فڕۆکەی جەنگی جۆری تایفوون دەنێرێت بۆ سعودیە بە مەبەستی پاراستنی ئە وڵاتە لە هێرشی حوسییەکان.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا نوسیویەتی ئەو فڕۆکانە "ڕۆڵی بەرگریکردن" دەگێڕن و هێرش ناکەنە سەر حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیریی دەکرێن.

هەروەها نوسیویەتی، "بەریتانیا بە فڕۆکەی جەنگیی ڕاف تایفوون ئەرکی بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئاسمانیی ئەنجام دەدات بۆ پاراستنی شارەکانی سعودیە و ژێرخانی گرنگی ئەو وڵاتە لە دژی هێرشە ئاسمانییەکان."

حوسییەکان لە چەند هەفتەی رابردوودا هێرشەکانیان بۆ سەر فڕۆکەخانە و ژێرخانی ئابوریی سعودییە چڕتر کردۆتەوە کە لانیکەم 12 کوژراو و دەیان بڕینداری لێکەوتۆتەوە.