بەرپرسانی حکومەتی عێراق و ئێران دوێنێ دووشەممە کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا کە تێیدا، بە پێی ئاژانسەکانی سەر بە ئێران، ڕێککەوتن لەسەر گواستنەوەی ئەندامانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان.
دەزگای ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ڕایگەیاند شاندی هەرێمی کوردستانیش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بووە.
ئاژانسی هەواڵی پرێس تی ڤی ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوی کردەوە کە محەمەد سادق، باڵیۆزی ئێران بۆ عێراق، دەربارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکە وتویەتی، "لە چوارچێوەی هاوکارییە ئاسایشییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری عێراقدا، هەردوولا لە کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی ئاسایشدا، بە ئامادەبوونی شاندی ئێران و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لەسەر دەرکردنی پێکهاتەکانی تاقمە تیرۆریستییە جوداخوازەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق یان ڕادەستکردنیان بە ئێران ڕێککەوتن."
بەرپرسەکەی ئێران زانیاری زیاتری نەخستووەتە ڕوو. حکومەتی عێراق ئەو کۆبوونەوەیەی پشتڕاست کردەوە، هەرچەندە ئاماژەی بە ڕێککەوتنێکی وەها نەداوە.
دەزگای ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق قاسم عەبوودی سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی لە بەغدا کردووە. تێیدا جەخت لەسەر ڕێککەوتنی هاوبەشی ئاسایشی نێوانیان کراوەتەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێگاکانی چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی ئێستا و یەکخستنی بۆچوونەکانی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا، بە شێوەیەک کە زامنی بەهێزکردنی میکانیزمەکانی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنی ئێرانی بێت، لەگەڵ گەیشتن بە چارەسەری کردەیی بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە و گەیشتن بە ئامانجەکانی."
بەیاننامەکە ئاماژەی بە حزبەکانی ڕۆژهەڵات نەکردووە، بەڵام ئاماژە کراوە بە "فایلە هەڵپەسێردراوەکان" و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ "کێشەکان،" لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاسایشی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێراندا.