دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە بە ئامادەبوونی مەڵانیا ترامپ خانمی یەکەمی ئەمەریکا لە مەراسیمێکی تایبەتدا فەرمانێکی سەرۆکایەتی بۆ پێشخستنی کەرتی تەندروستیی ژنان واژۆ کرد.
لەو مەراسیمەدا سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی دا بە کردنەوەی یەکەیەکی تایبەت بە ژنان لە پەیمانگای تەندروستیی نیشتمانی و فراوانکردنی توێژینەوە لەسەر نەخۆشییەکانی ژنان و پەرەپێدان بە چارەسەرکردنیان.
سەرەتای مەراسیمەکە خاتوو مەڵانیا ترامپ قسەی بۆ ئامادەبووان کرد و گرنگیی هەنگاوێکی لەو جۆرەی ڕوون کردەوە. هەروەها گوتی کە لە چوارچێوەی ئەو فەرمانەدا گرنگی زۆر بە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ نەخۆشییەکانی ژنان دەدرێت و ئەمەش بە پاڵپشتیی زیرەکیی باڵا دەکەن.
مەڵانیا ترامپ گوتی ''ئەمە بناغەی گۆڕانێکی مەزنە بۆ ژنانی ئەمەریکا. لە ئەمڕۆوە، ئێمە گۆڕانکاری لە بارودۆخی هەنوکەییی تەندروستی ژنانی ئەمەریکادا دەکەین.''
سەبارەت بە تێچووەکانی چارەسەر خاتوو مەڵانیا ترامپ گوتی دەبێت ژنان بتوانن دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بگات بەبێ گوێدانە باری داراییان.
دواتر دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا قسەی کرد و ڕایگەیاند کە دامەزراندنی یەکەیەکی تایبەت بە ژنان لە پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانی کاریگەری زۆر باشی دەبێت و سودێکی زۆر بە ژنان دەگەیەنێت. هەروەها، سەرسامیی خۆی دەربڕی کە تا ئێستا یەکەیەکی لەم جۆرە نەبووە.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا سەرۆکی ئەمەریکا سوپاسی مێلانیا ترامپی کرد کە هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی بتوانن بەو ئامانجە بگەن.
شایەنی باسە لە بەڕێوەبەرایەتیی دۆناڵد ترامپدا پەیمانگای تەندروستیی نیشتمانی جەختی زیاتری خستووەتە سەر توێژینەوەکانی تایبەت بە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ و کەمکردنەوەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ڕەگەزی سێیەمەوە. بەو پێیەی هەر لە سەرەتاوە دۆناڵد ترامپ دژایەتیی خۆی بۆ هاوڕەگەزخوازی و ڕەگەزگۆڕین دەربڕیوە.