مارکۆ ڕوبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمەریکا دەیەوێت جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا کۆتایی پێبێت و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ گەیشتن بەو ئەنجامە.
ڕوبیۆ ڕۆژی دووشەممە لە ئۆزبەکستان وتی "کەس ئەو جەنگە ناباتەوە." هەروەها وتیشی "ئێمە بە نزیکەی لە دوو ساڵی ڕابردوو چەندین جار هەوڵماندا بۆ ڕێگەخۆشکردن بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە، و بڕوام وایە سەرۆک ئامادەیە بۆ هەر شتێک کە ببێتە مایەی کۆتایی هێنانی جەنگەکە، ئەگەر بکرێت. و بەردەوام دەبین لە گەڕان بە دوای هەلدا بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە."
ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرایناش ڕۆژی دوو شەممە ڕایگەیاند کە جەنگەکە بەردەوامە "بەهۆی هێرشەکانی ڕووسیا و خواستی ڕووسیا بۆ درێژەدان بەم جەنگە."
زێلێنسکی لە هەژماری خۆی لە ئێکس نووسیویەتی "ئۆکراینا هەرگیز ئەم جەنگەی نەویستووە، و ئێمە پێشوازیمان لە هەموو هەوڵەکانی هاوبەشەکانمان کردووە بۆ کۆتاییهێنانێکی شەرەفمەندانەی ئەم جەنگە. ئێمە وەڵامی ئەرێنیمان هەبووە بۆ هەموو پێشنیازەکانی ئاگربەست."
دیمیتری پێسکۆڤی وتەبێژی کرێملن ڕۆژی دوو شەممە وتی کە ڕووسیا هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ ئاشتی بەرز دەنرخێنێت. ئەوەشی وت "ئێمە زۆر بەرز دەیاننرخێنین، بەڵام بێگومان کۆتا ڕێککەوتن ناکرێت بەبێ بەشداریی کەسێک لە کیێڤەوە کە ئامادەیە بەرپرسیارێتی هەڵگرێت."
زێلێنسکی لە وتەکانی رۆژی دوو شەمەیدا ڕەخنەی لە دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمەریکا گرت لە بارەی ئەو فەرمانە سەرۆکایەتییەی کە هەفتەی ڕابردوو دەریکرد بۆ هەڵپەساردنی سزاکانی سەر ئابووریی ڕووسیا.
زێلێنسکی وتی "لەکاتێکدا کە ناردنی موشەکەکانی بەرگری ئاسمانیی بۆ ئۆکراینا ڕاگیراون بەڵام ڕووسیا سزاکانی هەڵگیراون یاخود دواخراون، ئەمەش بەداخەوە نکوڵیکردنە لە واقیع لەلایەن هاوەڵەکانمانەوە."
ترامپ ڕۆژی یەکشەممە لە نووسراوێکی لە تروث سۆشیال نووسیویەتی کە ئەو کارەی لەبەرئەوەکردووە نایەوێت هیچ شتێک بکات کە ببێتە مایەی دورخستنەوەی ڕووسیا لە دانوساندنەکان، و هەروەها دەیەوێت ڕێگریبکات لەوەی ڕووسیا کۆمەکی بۆ ئێران زیادبکات.
ترامپ وتی زێلێنسکی "نایەوێت ئەم جەنگە کۆتایی بێت، لەوانەشە هەرگیز نەیوستبێت."
ترامپ نووسیویەتی "ئەو دەیتوانی دوو ساڵ لەمەوپێش ڕێککەوتنێکی باشتری بکردایە وەک لە ئێستا. وڵاتەکەی هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە، بەشێکی زۆری خاکەکەی لەدەستداوە، زەریا و دەریاکانی نەماون، ژمارەی پیاوانی وڵاتەکەی کەمیانکردووە، بریندارن یاخود مردوون. من دەمەوێت ئەم جەنگە کۆتایی پێبێت."
سکۆت بێسنتی وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئێن بی سی نیوز ڕۆژی یەکشەممە ئەو ڕەخانەی ڕەتکردەوە کە لە بڕیارەکەی ترامپ گیراون و وتی وڵاتە ئەوروپییەکان بەردەوامبوون لە خەرجکردنی زۆر زیاتر بۆ هەناردەکردنی وزە و پەینی کیمیایی لە ڕووسیاوە.
ڕوبیۆ: ئەمەریکا دەیەوێت جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا کۆتایی پێبێت
مارکۆ ڕوبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا