وەزیری نەوتی عێراق: تێکڕای هەناردەی نەوت لە ڕۆژێکدا 3 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل تێدەپەڕێنێت

عێراق هەوڵدەدات هەناردەی نەوتی وڵاتەکەی بە باشترکردنی ڕێگاکانی هەناردەکردن بۆ تورکیا و سوریا بەرز بکاتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵی فەرمیی عێراق (INA)، ئەمڕۆ دووشەممە، بەسیم محەمەد وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، تێکڕای هەناردەی نەوتی وڵاتەکە گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

وەزیری نەوتی عێراق وتیشی، ئەو هەناردەکردنانە لە سێ ڕێگاوە دەگوازرێنەوە، ئەوانیش گەرووی هورمز، بەندەری جەیهانی تورکیا، هەروەها دامەزراوەی هەڵگرتنی نەوت لە بەندەرەکانی کەنار دەریاکانی سوریا لەسەر دەریای ناوەڕاست.

هەروەها بەسیم محەمەد ڕایگەیاند: "سەرەڕای بارودۆخی نالەباری گەرووی هورمز، وەزارەتی نەوتی عێراق، لە ڕێگەی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، سەرکەوتوو بووە لە هەناردەکردنی 3 ملیۆن بەرمیل نەوت لەڕۆژێکدا بۆ ماوەی نۆیەمین مانگی لەسەریەک. بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەناردەکردن بۆ 3.4 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادی کردووە.

سەبارەت بە شوێنەکانی فرۆشی نەوتی عێراق، وەزیری نەوتی عێراق ڕوونی کردەوە کە"لە ئێستادا نەوتی عێراق لە بازاڕەکانی ئەوروپا و ئاسیا و ئەمەریکا دەفرۆشرێت".

پێش قەیرانی گەرووی هورمز و هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان، عێراق بە تێکڕا 3.6 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەناردە دەکرد، کە زۆربەی ئەو نەوتە لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشووری وڵاتەوە ڕەوانەی بازاڕە جیهانییەکانی نەوت دەکرا.

لەو چوارچێوەیەدا بەندەری جەیهانی تورکیا تەنها نزیکەی 7%ی هەناردەکردنی نەوتی عێراقی پێکهێناوە، لەکاتێکدا هەناردەکردن لەڕێگەی سوریاوە لە 3% تێنەپەڕیوە.

جگە لەوەش، تێچووی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی دەریاییەوە لە نێوان دوو بۆ سێ دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێک، کە بڕە پارەیەکی کەم بووە بە بەراورد بە تێچووی ئێستا، ئەمە جگە لە کرێی بازاڕکردن لە ژێر بارودۆخی ئێستای سەردەمی جەنگدا.

عێراق زیاتر لە 90%ی داهاتی حکومەتەکەی لە ڕێگەی هەناردەکردنی نەوتەوە دەستەبەر دەکات. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەم دواییانەدا لە میانی دیدارێکی لەگەڵ هاوتا ئیتاڵییەکەی ڕایگەیاند، عێراق لە ماوەی شەڕی ئەم دواییەی نێوان ئەمەریکا و ئێران و قەیرانی گەرووی هورمزدا نزیکەی 60 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی بەرچاوی داهاتی نەوتی وڵاتەکەی.