نەتانیاهۆ لەوەڵامی پاڵپشتی سەرۆک ترامپ: پێکەوە ڕێگە بە ئێران نادەین چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت

بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وەڵامی پاڵپشتی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی نەتانیاهۆ بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، سوپاسی سەرۆک ترامپی کرد و بە گەورەترین دۆستی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی ناوی برد.

نەتانیاهۆ لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کە ڕۆژی یەکشەممە،18ی مانگی دە بڵاویکردووەتەوە، ڕوو لە سەرۆک ترامپ دەلێت "سەرۆک ترامپ، دۆناڵدی هاوڕێم، سوپاسی پاڵپشتییە زۆر باشەکەت دەکەم، ئیسرائیل هەرگیز دۆستێکی گەورەی وەک تۆی لە کۆشکی سپی بە خۆیەوە نەبینیوە و پێموایە ئەمەریکا بەختەوەرە کە سەرکردەیەکی بەم باوەڕە بەرزە و بەم شێوە ڕوون و ڕاست و بوێرەی هەیە، سەرکردەیەک کە بەرامبەر هەڕەشە بۆ سەر ئەمەریکا و ئیسرائیل بوەستێتەوە."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە درێژەی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی کردووە "پێکەوە هەرگیز ڕێگە نادەین ڕژیمی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت."

وتیشی حکومەتی تاران لە هەڵدایە بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و ئامرازی پێویست بۆ گەیاندنی بە هەموو شارێکی ئەمەریکا و هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە لەگەڵ لەناوچوونی ئەم حکومەتە نرخی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.

لە بەشێکی قسەکانیدا بۆ خەڵکی ئەمەریکا، نەتانیاهۆ وتی "ئەگەر ئەمڕۆ لە نرخی بەنزین نیگەرانن، بیر لەوە بکەنەوە کە ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت چی ڕوودەدات؛ شتێک کە من و دۆناڵد ترامپ هەرگیز ڕێگە نادەین ڕووبدات."

ئەم قسانە دوای ئەوە هات کە ترامپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیال، پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ نەتانیاهۆ بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیاند و ستایشی کارەکانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد.