سەرچاوە هەواڵییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە دەکەن بەوەی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی درۆنی و تۆپبارانی شاخی شاهۆی کردووە، و هێزی گەریلای پارتی ژیانی ئازادی کوردستانیش دەڵێت ڕووبەڕوویان بوونەتەوە.
بە گوێرەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سوپای پاسداران لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گوندی دەڵەمەرزی سەر بە شاری سەوڵاوای تۆپباران کردووە و هەروەها هێرشی درۆنیی کردووەتە سەر هەندێک بەشی کوێستانی شاهۆ.
ئەمڕۆ شەممە یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند هێرشەکانی سوپای پاسداران هێزەکانی ئەوانی کردووەتە ئامانج.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "لەلایەن هێزەکانمانەوە وەڵامی سنوردار دراوەتەوە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە لەو ئاستەدا دەمێنینەوە. ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن، وەک یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا کۆتایی مافی بەرگریی ڕەوای خۆمان بەکار دەهێنین و وەڵامی پێویست دەدەینەوە."
زیانەکانی ئەم هێرشانە هەتا ئێستا نەزانراون، بەڵام یەرەکە دەڵێت سوپای پاسداران ژمارەیەکی زۆری چەکداری لە ناوچەکەدا کۆ کردووەتەوە و بە چڕی تۆپبارانیان کردووە.
بەگوێرەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزەکانی ئێران ماوەی دوو ڕۆژە بە چەکی قورس و درۆن هێرش دەکەنە سەر ئەو ناوچەیە و هاتوچۆی دامێنی چیای شاهۆیان قەدەغە کردووە.
کۆمەڵە شاخی شاهۆ بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و دەکەوێتە نێوان هەر دوو پارێزگای کوردستان و کرماشان. بەهۆی سروشتەکەیەوە ناونراوە کوێستانی شاهۆ.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژە بە سروشتی ئەو ناوچەیە دەکات کە بە گوێرەی یاسای ژمارەی 303ـی ئەنجومەنی باڵای ژینگەی ئێران وەک ناوچەیەکی پارێزراو لەقەڵەمدراوە و "خراوەتە ژێر چاودێریی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەوە."
ڕێکخراوەکە دەڵێت بە هۆی چالاکییە ئەمنییەکانی سوپای پاسدارانەوە ئەو ناوچەیە بەردەوام ڕووبەڕووی سوتان دەبێتەوە.