ڕووەکێکی نوێ کە بەم دواییانە لە چیاکانی ئەندیز لە وڵاتی پێروو دۆزراوەتەوە و مەترسی لەناوچوونی لەسەرە، ناونرا مێسی.
ڕووەکەکە ناوی 'سالڤیا مێسی'ـیە، وەک پێزانینێک بۆ ئاستی ئاریزان لیۆنێل مێسی ناو نراوە. ئەو ڕووەکە لە زنجیرە چیاکانی ئەندیز لە ناوەڕاست و باشوری وڵاتی پێروو هەیە.
گۆڤاری فایتۆتاکسای تایبەت بە ڕووەکناسیی لە چاپی مانگی دەیدا بڵاوی کردۆتەوە کە ئەو ڕووەکە مەترسی لەناوچوونی لەسەرە بەهۆی ئەوەی لە جۆری "بڵاویی سنوردارە،" کە بەو واتایە دێت تەنها لە ناوچەیەکی دیاریکراودا دەڕوێت و لە هیچ جێگەیەکی دیکە نیە.
ڕووەکەکە گوڵێکی ڕەنگی شینی کاڵ و سپی هەیە، هاوشێوەی درێسی یاریزان مێسی لە تیپی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کە لە ساڵی 2005 و لە دەستپێکی یاریکردنی نێودەوڵەتییەوە ئەو درێسەی پۆشیوە.
ناوی مێسی بە پیتی لاتینی بەم جۆرە دەنوسرێت: Messi، بەڵام ڕووەکەکە ناونراوە Salvia messii. واتە یەک پیتی i بۆ ناوەکە زیادکراوە، بەگوێرەی ڕێساکانی ناونانی ڕووەکەکان بۆ ئاماژەدان بەوەی بەناوی لە کەسێکەوە هاتووە.
ڕووەکی سالیڤا مێسیی بە لە بەرزی دوو هەزار بۆ دوو هەزار و 400 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەڕووێت.
پیتی یەکەمی ناوی کەسیی لەو زمانانەی لاتینی بەکاردەهێنن بە گەورە دەنوسرێت، بەڵام بەگوێرەی ڕێسای ناونانی ڕووەکەکان، پیتی یەکەمی ناوی کەسەکە لە ناونانی ڕووەکەدا، بە بچووک دەنوسرێت.
مێسی 208 جار لەگەڵ تیپی ئەرجەنتین یاریکردووە و 126 گۆڵی بۆ تۆمار کردوون و 71 یاریدەی گۆڵی هەبووە و لەگەڵ تیمەکەیدا شەش نازناوی بەدەست هێناوە، لەنێو ئەو نازاناوانەدا یەک جار جامی جیهانی، یەک جار فاینەڵیزما، و دووجاریش کۆپا ئەمەریکا، دوو نازناوی دیکەش هەن.
مێسی تەمەن 39 ساڵ لە مانگی هەشتی ئەمساڵدا ڕایگەیاند کە چیتر لە پێشبڕكێ نێودەوڵەتییەکاندا یاری ناکات.