عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامیدا داوای پاراستنی ڕێڕەوە بازرگانییەکانی کرد

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی داوای سەربەخۆیی بازرگانی و پاراستنی ڕێوە نێودەوڵەتییەکانی کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمەریکا دەڵێت ئێران بەردەوامە لە هەڕەشەکانی بۆ سەر تەنگەی هورمز.

ئەمڕۆ کۆبوونەوەکانی خولی 52ـی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە بەغدا دەستیان پێ کرد. 55 وڵات و زیاتر لە 40 ڕێکخراو بەشداری لە کۆبوونەوەکان دەکەن.

سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی وتاری دەستپێکی پێشکەش کرد، تێیدا ڕایگەیاند جیهانی ئیسلامی ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە و پێویستی بە کاری هاوبەش هەیە.

سەبارەت بە ڕێڕەوە بازرگانییەکان، زەیدی وتی، "ئێمە داوای ئازادی بازرگانی و پاراستنی ڕێڕەوە بازرگانییەکان و ڕەوتی گواستنەوە بە ئاسانی لە ڕێگەی ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکانەوە دەکەین."

ئەمە لە کاتێکدایە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند ئێران بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی پشێوی و هەڕەشە لەسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمزدا.

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە وتاری خۆیدا "بە توندی" هێرشەکانی ئەمدواییەی بۆ سەر سعودییە سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند هێرشەکان پێشێلکاری "زەقی" سەروەری ئەو وڵاتەن و بوونەتە هۆی مەترسی لەسەر ئاسایشی شوێنە پیرۆزەکانی ئیسلام.

کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە بەغدا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبن و بڕیارە لە دانیشتنی سبەی یەکشەممەدا ئەو بڕیار و بەڵگەنامانە هەڵبسەنگێنرێن کە پێشکەشی ڕێکخراوەکە کراون.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەکان لەسەر ئاسایشی خۆراک، ئاو و هاوکاریی ئابووری دەبن. هەروەها بڕیارە گفتوگۆ لەسەر چەندین بابەتی پەیوەست بە وڵاتانی ئیسلامی بکرێت، بە تایبەت پرسی فەلەستینیەکان و دوا پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.