سەرۆک ترامپ: پێویست ناکات چەکی ئەتۆمی دژ بە ئێران بەکار بهێنین

سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە ئەمەریکا چەکی ئەتۆمی دژی ئێران بەکار ناهێنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە ڕاپۆرتەکان ئاماژە دەکەن بەوەی وەزارەتی جەنگ پلانێکی نوێ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادە دەکات و ڕەنگە بۆمبی بەهێزی ناسراو بە 'دایکی هەموو بۆمبەکان' دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ژێرخانی وزەی ئێران بەکار بهێنێت.

ترامپ ئێوارەی پێنجشەممە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی نیوزماکس، سەبارەت بە بۆمبی GBU-43/B، کە بە 'دایکی هەموو بۆمبەکان' ناسراوە، گوتی "دایکی هەموو بۆمبەکان ئەتۆمی نییە."

ترامپ ڕوونی کردەوە ، "ئەمە تەنها بۆمبێکی زۆر گەورەیە. وەک بۆمبێکی ئەتۆمی زۆر بچووک وایە. دایکی هەموو بۆمبەکان، هەرچەندە بۆمبێکی زۆر گەورەیە، بەڵام ئەتۆمی نییە."

سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە، "من چەکی ئەتۆمی بەکار ناهێنم. پێویستمان پێی نییە."

ڕۆژی پێنجشەممە چەند ڕاپۆرتێکی هەواڵی لە ئەمەریکا ڕایانگەیاند لە چەندین بەرپرسی ئەمەریکاییەوە زانیویانە کە ئەگەری هەیە ئەو هێرشانە پێش یان دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، لە 3ـی یازدە، ئەنجام بدرێن.