پەرلەمانی عێراق چەندین بەربژێری بۆ پۆستە بەتاڵەکانی کابینەی عەلی زەیدی پەسەند کرد

پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دەنگی دا بە چەندین کاندیدی وەزاری بۆ حکومەتەکەی عەلی زەیدی، ئەمەش 5 مانگ دوای دەستبەکاربوونی کابینەکە و مانەوەی بەشێکی گرنگ لە پۆستەکان بە بەتاڵی.

لە دانیشتنەکەدا پۆستی وەزیری ناوخۆ و بەرگری یەکلایی کرانەوە.

سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی دوای تەواوبوونی دانیشتنەکە پەیامێکی بڵاو کردەوە، تێدا ڕایگەیاند، "لە ئێستاوە دەست بە هەنگاوی خێرا و کاری بەردەوام دەکەین و بەڵێن بە گەلی عێراق دەدەین کە لە جێبەجێکردنی ئامانجە لەپێشینەکانی حکومەتدا بەردەوام دەبین."

پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـەمین دانیشتنی خولی ئێستای ئەنجام دا و، بە گوێرەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی پەرلەمان هەیبەت حەلبووسی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکەی کرد و 261 پەرلەمانتار بەشدار بوون. سەرۆککۆماری عێراق نزار ئامێدی و سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی و بەربژێرانی پۆستەکانیش بەشدارییان لە دانیشتنەکەدا کرد.

لە دانیشتنەکەدا زیاتر لە 13 وەزیر و جێگری سەرۆکوەزیران پەسەند کران، لە نێوانیاندا وەزارەتە مشتومڕلەسەرەکانی بەرگری و ناوخۆ. نایف شەممەری بوو بە وەزیری بەرگری و یاسر محەمەد مالیکی بۆ وەزارەتی ناوخۆ پەسەند کرا.

هەروەها لە دانیشتنەکەدا ڕێباز حەملان بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق پەسند کرا.

هەر لە دانیشتنەکەدا وەزارەتی ئابووری و حوکمڕانی دیجیتاڵی بۆ یەکەم جار زیاد کرا و محەممەد دەراجی بوو بە وەزیری.

وەزیرەکان و جێگرە نوێیەکانی سەرۆکوەزیران لەبەردەم پەرلەماندا سوێندی دەستوورییان خوارد و دواتر دانیشتنەکە کۆتایی پێ هات.

بەر لە دانیشتنەکە، کۆمەڵێک پەرلەمانتار ناڕەزایەتییان دەربڕی و بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد. پەرلەمانتارەکان دژی دروستکردنی چەند پۆستێکی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزارەتی نوێ وەستانەوە و ڕایانگەیاند کە ئەم پۆستانە لەسەر بنەمای دابەشکردنی پۆست بە پێی پشکی حیزبی دروست کراون، لە کاتێکدا کە پێویستە خەرجییەکانی حکومەت کەم بکرێنەوە.