وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دەزگا ئایینییە ساختەکانی ئێران دەکاتە ئامانج

ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئاگادارکردنەوەیەکی بە ناوی تۆڕی جێبەجێکردنی تاوانە داراییەکان (FinCEN) بڵاو کردۆتەوە و کۆمەڵێک سزای نوێی بەسەر کۆمەڵێک کەس و کۆمپانیای نزیک لە ئێراندا سەپاندووە کە پەیوەندیدارن بەو دەزگایانەی بە ناوی خێرخوازیی ئایینییەوە خۆیان لە سزاکانی ئەمەریکا دزیوەتەوە.

سکۆت بێسێنت لە بارەی سزاکانەوە دەڵێت، ''بە سەرکردایەتی سەرۆک ترامپ، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕێگە نادات ڕژێمی ئێران درێژە بە مێژووی دوور و درێژی خۆی بدات لە خراپ بەکارهێنانی دامەزراوە ئاینییەکان و پڕکردنی گیرفانی نوخبەکانی و پارەدارکردنی تیرۆر.''

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی گەنجینە، حکومەتی ئێران هەمیشە هەوڵی داوە لە ڕێگەی کۆکردنەوەی پارە و هاوکاریی دارایی و گواستنەوە و حەواڵەکردنی پارە، نوخبەی ئایینی شیعە دەوڵەمەند بکات و ئەم پارانەش بەکار بهێنێت بۆ کاری تیرۆرستی.

وەزارەتی گەنجینە دەڵێت کە حکومەتی ئێران ڕێکخراوگەلێکی هەیە کە بە بیانووی کاری خێرخوازییەوە پارە و داهات کۆ دەکەنەوە بەڵام هەرگیز بۆ کاری خێرخوازی بەکاری ناهێنن.

دەشڵێت ئەم پارانە بە ناوی خێرخوازییەوە و بە بڕی گەورە حەواڵە دەکرێن کە ئامانج لێی خۆدزینەوەیە لە سزاکانی سەر ئێران.