حکومەتی یەمەن ڕایگەیاند ڕۆژی پێنجشەممە لە هێرشێکی مووشەکیی حوسییەکان بۆ سەر کۆشکی سەرۆکایەتی لە شاری عەدەن لانیکەم چوار کەس کوژراون.
وەزارەتی ڕاگەیاندنی حکومەتی یەمەن لە بەیاننامەیەکدا نوسیویەتی سەرۆکوەزیران و ئەندامانی حکومەتەکەی سەلامەتن.
شایەتحاڵەکان بە ئاژانسەکانی هەواڵیان ڕاگەیاندووە، چەندین تەقینەوەی یەک لە دوای یەکیان لە شارەکەدا لە باشووری یەمەن بیستووە و دوکەڵێکی زۆر لە دەوروبەری کۆشکی سەرۆکایەتی مەعاشقەوە بەرز بووەتەوە.
حوسییەکان بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان گرتە ئەستۆ و لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سعودیەیان لە باڵەخانەکە کردووەتە ئامانج.
هاوکات هێزەکانی حکومەت ڕایانگەیاند کە حوسییەکان بە مووشەکی بالیستی شاری ماریبیان کردووەتە ئامانج، هەروەها شەڕی سەخت لە دەوروبەری تەیز بەردەوامە.
تێکهەڵچوونە بەردەوامەکان بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 200 هەزار کەس. هاوکات گەمارۆ و کەمیی پێداویستییە سەرەتاییەکان ژیان بۆ خەڵکی سڤیل تادێت قورستر دەکات.