زانایانی ئەمەریکا هەوڵ دەدەن بسکیت لە پاشماوەی پلاستیک بەرهەم بهێنن

نمونەیەک لەو بسکیتەی لە پلاستیک بەرهەم هاتووە. زانایان هێشتا لەسەر پەرەپێدانی کار دەکەن و تەنها لە ڕێگەی بۆنکردنەوە تاقی کراوەتەوە، نەک خواردنی.

کۆمەڵێک زانا لە ئەمەریکا، بە پشتگیری ناسا، خەریکی بەرهەمهێنانی جۆرێکن لە خومرە بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە پاشماوەی پلاستیک بگۆڕن بۆ بسکیتی دەوڵەمەند بە پرۆتین، کە دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە سەرچاوەی خۆراکی مرۆڤ لە سەر زەوی، مانگ، و مەریخ.

توێژان لە زانکۆی 'باشووری ئیلینۆی لە کاربۆندەیل' پێشبینی دەکەن کە ساڵی 2050 داواکاریی جیهانی بۆ خواردن لە %35ـەوە بۆ %56 زیاد دەکات و نزیکەی %30ـی دانیشتوانی زەوی ڕووبەڕووی برسێتی ببنەوە.

تیمێکی توێژینەوە لە زانکۆکە، کە پێکهاتوون لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر لاهیرو جەیاکۆدی، خوێندکاری دکتۆرا ساندیا جەیاسێکارا، و پرۆفیسۆر کێن ئەندەرسن، پرۆسەی تێکشکاندنی پلاستیکیان پەرە پێداوە. توێژینەوەکە بەشێکە لە پرۆژەیەکی ناسا بە ناوی 'ئاڵنگاری خۆراک لە قووڵایی واڵاییدا'.

ناسا بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ بەرهەمهێنانی خواردن لە گەشتە درێژخایەنەکانیدا بۆ واڵایی، لە کاتێکدا گواستنەوەی خواردن لە زەویەوە سنووردارە.

جەیاکۆدی دەڵێت لەبەر ئەوەی پلاستیک لە کاربۆن پێکهاتووە و خۆراکیش کاربۆنی تێدایە، بیریان لەوە کردەوە پلاستیک بگۆڕن بۆ خۆراک.

بۆیە توێژەران لە ئەمەریکا بە بەکارهێنانی میکرۆبی دەستکاریکراو خومرەیەکیان دروست کردوە لە پاشماوەی پلاستیک و پاشماوە کشتوکاڵییەکان. ئەم پێکهاتانە پاشان دەگۆڕن بۆ پێکهاتەیەکی خۆراکی، و بسکیتێک دەوڵەمەند بە پرۆتین. بەڵام ئەمە هێشتا لە قۆناغی توێژینەوەدایە و بۆ فرۆشتن یان خواردنی بەرفراوانی مرۆڤ ئامادە نییە.

لاهیرو جەیاکۆدی یەکێک لە نمونەکانی ئەو بسکیتەی هەڵگرتووە کە هێشتا لە قۆناغی پەرەپێداندایە.

پێکهاتەکانیش بریتین لە پلاستیک (ئەوەی بۆ بوتڵی ئاو بەکاردێت) و پاشماوەی گەنمەشامی.
ئەم دوو پێکهاتەیە لە تاقیگەدا لە ڕێگەی خومرەیەکی تایبەتەوە دەگۆڕدرێت بۆ پرۆتین، چەوری و ترشی خۆراکی بە شێوەیەک توانای هەرسکردنی لە گەدەدا هەبێت. پاشان ڕیشاڵ، نشاستە و شیرینکەر زیاد دەکرێن و بە چاپکەری سێ‌ڕەهەندی دەکرێنە بسکیت.

شایانی باسە کە ئەگەر ئەم کارە سەرکەوتوو بێت، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی ژینگە بە پاشماوەی پلاستیک و کەمبوونی سەرچاوەکانی خواردن. بەڵام ئەمە بەڵێنێکە هێشتا زۆری ماوە بسەلمێنریت، بەو پێیەی تەکنەلۆژیاکە تەنها لەسەر پلاستیکی جۆری PET و هەندێک پاشماوەی کشتوکاڵی کار دەکات، و کێشەی برسێتی تەنها پەیوەندی بە بڕی بەرهەمهێنانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیشی هەیە بە پرسەکانی دەستەبەرکردن، داهات، گواستنەوە، ململانێ و گۆڕانی کەشوهەواش.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، نرخی هەر کیلۆگرامێک لەم بسکیتانە لە ئێستادا نزیکەی 60 دۆلارە. تیمەکە هیوادارە بە باشترکردنی خومرەکان و بەرهەمهێنانی زیاتر نرخەکە کەم ببێتەوە.

هێشتا داتای تەواو لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنان، وزە و کۆنترۆڵی کوالێتی بەردەست نییە. دەربارەی ئەوەی کە چەند پلاستیک و پاشماوەی ڕووەک بۆ یەک کیلۆ پێویستە، هێشتا زانیاری بڵاو نەکراوەتەوە.

یەکێکی تر لە خاڵە گرنگەکان کە هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە ئەوەیە کە ئایا خواردنی ئەم بسکیتە سەلامەتە؟ بە بۆچوونی توێژەران، بەرهەمەکە پێویستی بە تاقیکردنەوە و ڕێگەپێدانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەیە، و دەبێت دڵنیا بین هیچ پاشماوەیەکی زیانبەخشی پلاستیک لە بەرهەمەکەدا نەماوە. تا ئێستا هەندێک بەشداربوو تەنها لە ڕووی بۆنەوە هەڵیانسەنگاندووە.

لە داهاتووشدا توێژەران دەیانەوێت ڤانیلا و ڤیتامین A لە پلاستیکی PETـەوە بەرهەم بهێنن و هەموو پێکهاتەکانی بسکیتەکە بە مایکرۆب دروست بکەن. دەکرێت لە ژێر دەریا، ناوچە زیانلێکەوتووەکانی کارەسات، و گەشت بۆ مانگ و مەریخ بەکار بهێنرێت.