وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی دەست دەکات بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنێکی نێوانیان بۆ پارێزگاریکردن لە دامازراوە نەوتییەکانی سعودیە لە هێرشی حوسییەکان.
پاسکاڵ کۆنفاڤرۆ، وەزیری دەرەوەی فەرنسا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەمەی ڕاگەیاند بەڵام وردەکاریی زیاتری نەخستە ڕوو.
ئەم ڕاگەیاندنە ئاماژەیە بە تێوەگلانی قوڵتری فەرەنسا لە پاراستنی ژێرخانی وزەی سعودیە لە کاتی زیادبوونی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە عەرەبییە.
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند "ئەگەر پێویست بکات" فەرەنسا سەرباز و سیستەمی بەرگری دەنێرێت بۆ سعودیە بۆ یارمەتیدانیان لە پاراستنی بەندەری یەنبوع لە دەریای سور، کە پێگەیەکی گرنگی گواستنەوەی وزەیە.
هەر ڕۆژی پێنجشەممە یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی کەنداو ڕایانگەیاند کە کۆبوونەوەیەکی لوتکەی نێوانیان دواخستووە کە بڕیار بوو هەفتەی داهاتوو لە سعودیە ببەسترێت. ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو هۆکارەکەی بۆ بەردەوامی هەڕەشەی حوسییەکان و داخستنی فرۆکەخانەی شا خالیدی نێودەوڵەتی گەڕاندەوە.
هەفتەی ڕابردوو حوسییەکان هێرشیان کردە ئەو فرۆکەخانە نێودەوڵەتییە. لە ئەنجامدا 13 کەس گیانیان لەدەست دا.
سعودیە چەندین جار ڕووبەڕووی هێرش بۆ سەر پێگە نەوتییەکان و ڕێگەکانی گواستنەوە بووەتەوە لەلایەن حوسییەکانی یەمەن کە گروپێکی تیرۆریستی سەر بە ئێرانن.