لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە هەندێک میدیا وەها بڵاوکراوەتەوە بڕیاری وڵاتی ئازەربایجان بۆ ڕێگەنەدان بەو کچ و ژنانەی حیجاب دەبستن بچنە ناو قوتابخانەکانەوە لە ژێر کاریگەری ئیسرائیل دراوە، ئەمەش لە کاتێکدا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
لەم دواییانە حکومەتی ئازەربایجان بڕیارێکی نوێی دەرکرد بۆ جلوبەرگی ناو قوتابخانەکان، هەرچەندە بڕیارەکە ڕاستەوخۆ ئاماژە بە حیجاب ناکات، بەڵام بەستنی حیجاب وەک سەرپێچی لە بڕیارەکە دادەنرێت، بۆیە قوتابخانەکانی ئازەربایجان چیتر ڕێگە بە خوێندکار و مامۆستاکانیان نادەن بە حیجابەوە بچنە ناو قوتابخانەکانەوە، ئەمەش ناڕەزاییەکی زۆری لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە لێکەوتەوە.
هاوکات هەندێک میدیا ئەم بابەتەیان قۆستەوە بۆ لەکەدارکردنی ئیسرائیل و وەهایان بڵاوکردەوە گوایە حکومەتی ئازەربایجان لە ژێر کاریگەری ئیسرائیل ئەو بڕیارەیان داوە و یان سوودیان لە ڕێساکانی ئیسرائیل وەرگرتووە، ئەمەش دوورە لە ڕاستییەوە بەو پێـیەی ئیسرائیل خۆی بڕیاری لەو جۆرەی نییە.
ئیسرائیل هەرچەندە وڵاتێکی زۆرینە جووە، بەڵام پەیڕەوانی هەموو ئایینەکان ئازادن و لەسەر ئاستی حکومەت هیچ بڕیارێک نییە بۆ دانانی بەربەست لە بەردەم هیچ ئایینێک، بۆیە لە شوێنە گشتییەکان بە قوتابخانە و زانکۆکانەوە ،کچان و ژنان بە حیجابەوە دەبینرێن.
ئەمانەی خوارەوە چەند وێنەیەکن لە قوتابخانە و زانکۆی ئیسرائیل:
خوێندکارێکی موسڵمان و خوێندکارێکی جوو پێکەوە لە قوتابخانەکەیان گوڵ دەڕازێننەوە.
مامۆستایەکی موسڵمان وانە لە قوتابخانەیەکی ئیسرائیل دەڵێتەوە.
مامۆستایانی موسڵمان و جوو پێکەوە لە قوتابخانەیەکی ئیسرائیل.
کۆمەڵێک خوێندکاری موسڵمان و جوو لە زانکۆی تەل ئەڤیڤ.