حوسییەکان هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زیاتر بۆ سەر سعودیە دەکەن

چەکدارە حوسییەکانی یەمەن کە ئێران پشتگیرییان دەکات، ڕۆژی چوارشەممە هەڕەشەیان کرد کە هێرشەکانیان بەردەوام دەکەن، ئەمەش دوای بەئامانجگرتنی بارەگای سەرەکیی کۆمپانیای ئارامکۆ، کە گەورەترین کۆمپانیای نەوتی عەرەبستانی سعودیەیە.

وەزارەتی وزەی سعودیە پشتڕاستی کردەوە کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە بینای کارگێڕیی ئارامکۆ کراوەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە بەڵام هیچ قوربانییەکی لێ نەکەوتووەتەوە.

هەروەها بەرپرسان ڕاشیانگەیاندوە کە بە هۆی تەقینەوەکەوە پارچەی تیژ وکەرەستەی بینا کەوتوونەتە خوارەوە. شوێنی تەقینەوەکە لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری زەهران بووە کە بارەگای سەرەکیی ئارامکۆی تێدایە.

گرووپی حوسی کە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنراون، ڕایانگەیاندووە کە بۆ لێدانی ئارامکۆ، مووشەکی بالیستی، مووشەکی کروز و درۆنیان بەکارهێناوە. یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان، گوتی ئەم هێرشە وەڵامێک بووە بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی عەرەبستانی سعودی لە شاری سەنعا و پارێزگاکانی دیکەی یەمەن.

چەند کاتژمێرێک دوای هێرشی حوسییەکان بۆ سەر ئارامکۆ، هاوپەیمانییەتیی بە سەرکردایەتیی سعودیە ڕایگەیاند کە ڕۆژی چوارشەممە چەندین درۆن و مووشەکی بالیستی و کروزی تێک شکاندوە و لە کارخستووە کە بە ئاراستەی ڕیازی پایتەخت، پارێزگای خەرج و شارەکانی حەرەد و دەممام کرابوون.

پێش هێرشەکە بۆ سەر ئارامکۆ، تورکی ئمالیکی، وتەبێژی هاوپەیمانییەتیی بە سەرکردایەتیی سعودیە، گوتی کە چەند هێرشێکیان ئەنجام داوە بە ئامانجی پێکانی تانکەرەکانی سووتەمەنی، کۆگاکانی ژێرزەوی سووتەمەنی و شوێنەکانی هەڵگرتنی سووتەمەنی لە سەنعا، حودەیدە و زەمار لە یەمەن.

تورکی مالیکی بانگەشەی ئەوەی کرد کە گرووپی حوسی ئەو شوێنانەی وەک بنکە بۆ هەڵگرتنی مووشەک و درۆن بەکار هێناوە؛ ئەو چەک و ئامێرانەش مەترسییان لەسەر عەرەبستانی سعودی، فڕۆکەخانەکان، بەندەرەکان و کەشتییە بازرگانییەکانی لە دەریای سوور دروست دەکرد.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕۆژی سێشەممە ڕەخنەی لە هێرشی حوسییەکانی بۆ سەرعەرەبستانی سعودی گرت و ئەم گرووپەی تۆمەتبار کرد بەوەی کە "بە ئەنقەست هەوڵ دەدەن نرخی نەوت بەرز بکەنەوە،" لە پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتووی ئەمەریکا.

ترامپ لە وەڵامی ڕۆژنامەواناندا وتی، "حوسییەکان بە شێوەیەکی زۆر خراپ ڕەفتار دەکەن. ئەمە هیچ باش نییە."

حوسییەکان ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند کە لە "ڕۆژانی داهاتوودا" هێرشەکانیان بۆ سەر فڕۆکەخانە و دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستانی سعودی بەردەوام دەبێت. هەروەها ئاگادارکردنەوەکەیان بۆ کۆمپانیاکان و خەڵک ناردووە و داوایان کردوە کە لە فڕۆکەخانەکان دوور بکەونەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوای لە حوسییەکان کردووە هێرشەکانیان بۆ سەر عەرەبستانی سعودی و حکومەتی یەمەن بوەستێنن.