ڕووسیا هێرش دەکاتە سەر وێستگەکانی کارەبای ئۆکراینا و زێلێنسکیش دەڵێت ئەمە پێچەوانەی ئاگربەستی وزەیە

دیمەنی ئاگرێکی گەورە لە یەکێک لە پاڵاوگەمانی نەوت لە شاری مۆسکۆ، دوای بەئامانجگرتنی لەلایەن ئۆکرایناوە. هێرشەکە 18ـی حەوتی 2026 کراوە.

هێزەکانی ڕووسیا چوارشەممە هێرشیان کردە سەر چەند وێستگەیەکی کارەبای ئۆکراینا. ڤلادیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، ڕایگەیاند ئەم هێرشانە پێچەوانەی ئاگربەستی وزەن کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاندبوو.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە تێلێگرام ڕایگەیاند کە هێزەکانیان شەش وێستگەی کارەبایان لە ناوچەکانی کیێڤ و خارکیڤ پێکاوە. وەزارەتەکە گوتی ئەو شوێنانە پەیوەندییان بە چالاکییە سەربازییەکانی ئۆکرایناوە هەبووە.

زێلێنسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی هێرشەکان وایان کردووە 600 هەزار کەس بێ کارەبا بمێننەوە و "زیانێکی بەرچاو" بە شوێن و ئامێرەکانی کارەبا، نەوت و گاز گەیشتووە.

زێلێنسکی گوتی، "بەشەو ڕووسەکان 39 مووشەکی باڵیستی و زیاتر لە 120 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان دژی ژێرخانی وزە و ژێرخانە گرنگەکانمان لە شاری کیێڤ، پارێزگای کیێڤ و خارکیڤ بەکار هێنا. هێرشێکی مووشەکی بوو دژی ژێرخانی وزە- ئەو ژێرخانەی کە ئاگربەستەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دەیگرێتەوە."

ترامپ یەکشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشاڵ نووسی، "لە ئێستاوە، ئاگربەستێکی شەڕی وزە لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا دەست پێ دەکات. هەردوو لا ڕازی بوونە."

لەو ڕۆژانەی دواتردا، زێلێنسکی گوتوویەتی ڕووسیا بەردەوامە لە ئامانجگرتنی شوێنە وزەییەکانی وڵاتەکەی.

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین، چوارشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی گوت وردەکارییەکانی ئاگربەستی وزە هێشتا دیاری نەکراون.

پێسکۆڤ گوتی: "کار لەسەر ئەو ئاراستەیەدا بەردەوامە."

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا چوارشەممە ڕایگەیاند هێزەکانی ئۆکراینا لە نوێترین خولی هێرشەکانیاندا زیاتر لە 900 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان دژی ڕووسیا هەڵداوە. سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ گوتی نزیکەی 500 لەو فڕۆکانە ئاراستەی مۆسکۆ کراون، بەڵام هیچ زیان یان قوربانییەکی ڕانەگەیاند.