شیکاری: ئەمەریکا و چیین ڕێگەی جودا لەمەڕ رێکارەکانی ژیریی باڵا دەگرنە بەر

ئەمەریکا و چیین هەردووکیان هەنگاو دەنێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی توانا ڕوو لە زیادبووەکانی ژیریی باڵا، کە پێشی دەوترێت ژیریی دەستکرد؛ بەڵام رێبازی ئەنجامدانی ئەو کارەیان جیاوازە ئەویش بە هۆی جیاوازی سیستەمی سیاسی و ئامانجە ستراتیژییەکانیان.

سەرکردایەتی پارتی کۆمەنیستی چین و ئەنجومەنی دەوڵەتی ئەو وڵاتە هەینی ڕابردوو ڕێنماییان دەرکرد، تێیدا داوای چاودێریکردنی تەکنەلۆجیا و سیستەمی هۆشداریدانی مەترسی و بەدەنگەوەچوونی کتوپڕیان کرد بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ژیریی باڵا بە 'سەلامەت و پشتپێبەستراو و کۆنترۆڵکراو" دەمێنێتەوە.


چەند ڕۆژێک پێشتر، سەرۆک دۆناڵد ترامپ لیژنەی ژیریی باڵای دامەزراند کە بریتییە لە لیژنەیەکی ڕاپەڕاندنی فیدراڵی. کاری ئەو لیژنەیە بریتیی دەبێت لە هەماهەنگیکردنی سیاسەتی کار و هەڵسەنگاندنی مەترسی و هەلەکان، و پێشنیازکردن لەبارەی ئەوەی پێویستە حکومەت چۆن کاردانەوەی هەبێت بەبێ لاوازکردنی ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە پێشبڕکێی جیهانیی تەکنەلۆجیادا.

خاڵی سەرەکی جیاکەرەوە ئەوەیە کە پەکین پشت دەبەستێت بە چاودێریی حکومەتی ناوەندیی بەسەر کۆمپانیاکانی ژیریی باڵا و بەکارهێنانەکانی و ناوەڕۆکەکەشی. لەکاتێکدا واشنتن بواری سەربەستیی زیاتری بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت رەخساندووە و زیاتر پشتی بەستووە بە وابەستییە خۆویستەکان و دەستەڵاتی ئاژانسەکان.

بەڵام هیچ کام لە دوو وڵاتە بژاردەکەیان لەنێوان سەلامەتی و داهێناندا نیە. هەردوو وڵات خوازیاری هەبوونی پاراستنی زیاترن و لە هەمان کاتیشدا دەیانەوێت تواناکانیان لە بواری ژیریی باڵا فراوانتر بکەن.

چیین پێشنیازی چی دەکات؟

ڕێنماییەکانی چیین بەشێکن لە ستراتیژێکی فراوانتر بۆ گەشەپێدانی ئەوەی پەکین ناویدەبات بە "هێزی نوێی کوالیتی بەرزی بەرهەمهێنان." ئەو ڕێنماییانەش 19 خاڵ لە خۆ دەگرن کە بوارەکانی توێژینەوەی زانستی و نوێکردنەوەی پیشەسازییەکان و تەکنەلۆجیا نوێیەکان دەگرێتەوە.

لە ئێستادا چیین چۆن ژیریی باڵای رێک خستووە؟

چیین چەند ئاستێکی لە رێسای بەڕێوەبردن گەڵاڵە کردووە نەوەک تاکە یاسایەکی گشتگیری ژیریی باڵا.

پێناسەی چیین بۆ سەلامەتیی ژیریی باڵا دەپەڕێتەوە ئەودیو سنورەکانی هەڕەشە تەکنەلۆجییەکانی وەک هێرشی سایبەر یاخود لەژێر ڕکێفی مرۆڤ دەرچوونی سیستەمەکان؛ بەڵکو لە هەمان کاتدا بۆ ڕێگریشە لە زانیاریی سیاسیی هەستیار کە دەستەڵاتداران بە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی تەماشای دەکەن.


ڕێبازی ئەمەریکا چیە؟

رۆژی 4ـی مانگی دە سەرۆک ترامپ لیژنەی ژیریی باڵای ڕاگەیاند و جەی کلەیتنی بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی وەک بەڕێوەبەری دانا. ئەو لیژنەیە ماوەی 120 رۆژی هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسیی و هەلەکانی ژیریی باڵا و دیاریکردنی ڕۆڵی حکومەتی فیدراڵ لەو بوارەدا. لیژنەکە ڕاوێژ بە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا و بەکاربەران و گروپەکانی بەرژەوەندی گشتی و ڕێکخراوە ئاینییەکان و بەگەڕخەرانی ژێرخانە گرنگەکان دەکات.

بەڵام لیژنە تایبەتەکە دەستەڵاتی ڕێسادانانی سەربەخۆی نیە، و دامەزراندنەکەشی نەبووە مایەی خولقاندنی ستانداری سەلامەتی کە گەشەپێدەران پێیانەوە پابەندبن.

نوێکاریی و سەلامەتی

هیچ وەڵامێکی یەکلاکەرەوە نیە بۆ ئەو پرسیارەی کە ئایا کام سیستەم باشترە بۆ داهێنان و سەلامەتی.

چیین دەتوانێت هەماهەنگیی بکات لەنێوان سیاسەتیکاری حکومەت و پارە دابینکردن و ژێرخان و داتا لە پێشینە نیشتمانییەکاندا. بەڵام هێشتاش پرسیار هەیە لەسەر شەفافیەت و قاڵبوونی سیستەمەکانی سەلامەتیی ژیریی باڵا.


سکۆت سینگەر هاوبەڕێوەبەری دەستپێشخەریی چیینە لە بواری ژیریی دەستکرد لە دامەزراوەی کارنیگی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی. بە ئاژانسی رۆیتەرز راگەیاند کە چیین لەدوای ئەمەریکاوەیە لە گەشەپێدانی سیستەمێکی زیندوو بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسییە کارەساتبارەکانی ژیریی باڵا. "بۆ چیین، کارکردن لەسەر سەلامەتی ژیریی باڵا نوێترە،" و دەڵێت "سیستەمە زیندووەکەیان کەمتر قاڵبووە."

سینگەر باسی ئەوەش دەکات کە دەشێت ڕووداوەکان لە چیین بەبێ باسکردن تێپەڕ ببن. لە پێداچوونەوەیەکەدا کۆمپانیای سێمی ئەنالەسزی توێژینەوە دەری خستووە کە گەشەپێدەرانی چیین بە ئاشکرا دەرئەنجامەکانی سەلامەتیی تایبەت بە مۆدیلەکانی تەنها 3.6ـی ئەو 857 مۆدێلەیان ئاشکراکردووە کە لە نێوان ساڵانی 2021 و مانگی نۆی 2026 بڵاوکراونەتەوە.

سیستەمی ئەمەریکا سەربەستیی زیاتر دەداتە کۆمپانیاکان بۆ گەشەپێدان و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکان، کە داکۆکیکاران دەڵێن ئەمە هانی وەبەرهێنان و داهێنانی خێرا دەدات.

ڕەخنەگرانیشی دەڵێن کە بوار بە کۆمپانیاکان دەدات لەبەر پاڵنەری بازرگانیی بەهێزی خۆیان هەندێک لەو بڕیارانە بدەن کە دەکرێت لێکەوتەی دیاریان لەسەر سەلامەتی هەبێت.

ئایا دەکرێت واشنتن و پەکین هاریکاریی یەکدی بکەن؟

هەردوو وڵات بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە لە ڕێگرتن لەوەی ڕووداوێکی ژیریی باڵا تەشەنە بکات بۆ قەیرانێکی فراوانی ئاسایش، تەنانەت ئەگەر لەبواری چیپ و مۆدێل و داتا و ستانداری تەکنەلۆجیاشدا ڕکابەریی بکەن.

چاودێران دەڵێن هاریکاریی ئەستەم دەبێت لەبەرئەوەی هەریەکەیان خەمی ئەوەیەتی هاوبەشیپێکردنی زانیاریی ببێتە مایەی دەرخستنی خاڵە لاوازە تەکنەلۆجیەکان و توانا هەواڵگرییەکان.