وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند سەرەڕای کێشەکانی تەنگەی هورمز، هەناردەی نەوتی خاوی وڵاتەکەی گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
سەلیم ڕکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە هەناردەکردن لە بەهاری ئەمساڵەوە لە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ ئاستی ئێستا زیادیکردووە.
هەناردەی عێراق پێش جەنگ نزیکەی 3.3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە، واتە ئاستی ئێستا هێشتا لە چاو پێش جەنگ کەمترە.
ڕکابی وتی زۆربەی هەناردەکردنەکان لە تێرمیناڵەکانی باشوورەوە دێت. بۆری عێراق-تورکیا ڕۆژانە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل دەگوازێتەوە و وەزارەتی نەوتیش ئامانجی ئەوەی هەیە ئاستەکەی بگەیەنێتە 700 هەزار بەرمیل.