مەزڵوم عەبدی: سەرەتای دروستبوونی متمانە لە نێوان گەلی کورد و دەوڵەتی سوریا هاتووەتە ئاراوە

مەزڵووم عەبدی جەختی لە بەردوامی پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق کردەوە و ڕایگەیاند لە ئێستادا "سەرەتای" دروستبوونی متمانە لە نێوان گەلی کورد و دەوڵەتی سوریا هاتووەتە ئاراوە.

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی سوریا مەزڵوم عەبدی ڕۆژی سێشەممە لە هەولێر، لە کاتی بەشداریکردنی لە دیدارێکی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە، ئەمەی ڕاگەیاند.

مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند سیاسەتی سەرکوتکردن و ڕەتکردنەوەی ناسنامەی گەلی کورد لە ڕابردوودا بووەتە هۆی دروستبوونی بێمتمانەییەکی گەورە لە نێوان گەلی کورد و دەوڵەتی سوریادا. "بەڵام ئێستا لە سوریای نوێدا دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پێشوو، یەکەمین جارە کورد دەچنە نێو دەوڵەت و سەرەتای دروستبوونی متمانە لە نێوان گەلی کورد و دەوڵەت هاتووەتە ئاراوە. "

عەبدی هەروەها ئاماژەی دا بە بەهێزبوونی پەیوەندییەکان لە نێوان کاربەدەستانی دیمەشق و بەرپرسانی کورد لە ڕۆژئاوا.

ڕایگەیاند، "لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی دەوڵەتدا لەگەڵ سەرۆک شەرع و بەرپرسانی دیکە پەیوەندیی باشمان هەیە. ئێمە لەگەڵ وەزیرەکان و فەرماندە سەربازی و کارگێڕییەکان کۆبوونەوەمان کردووە. فەرماندەکانی ئێمە چوونەتە نێو سوپا و فەیلەق و فیرقەکانی سوپای سوریاوە. لە نێو وەزارەتی ناوخۆشدا هێزە ئاسایشییەکانی ئێمە وەرگیراون. لەسەر ئاستی کەسیش لە نێوان من و سەرۆک شەرعدا رێزگرتن و متمانە هەیە. "

سەرباری بەهێزبوونی پەیوەندییەکان، مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند دەبێت هەنگاوی کردەیی بنرێت بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد و دەبێت " لەسەر زەوی ئەم متمانەیە تەواو بێت، قسە بە تەنیا بەس نییە."

شایەنی باسە، مەزڵوم عەبدی وەک فەرماندەی هێزەکانی سوپای سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕۆژی 25ـی هەشت هەڵوەشانەوەی ئەو هێزەی ڕاگەیاند کە لە ساڵی 2015ـەوە بۆ پارێزگاری لە ڕۆژئاوا و بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆرستییەکان دامەزرابوو.

هەسەدە هاوپەیمانی سەرەکی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بوو لە شەڕی دژی تیرۆردا.