کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر، وێندی گرین، ڕۆژی سێشەممە سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا باسیان لە بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کرد.
مەسرور بەرزانی دەربارەی کۆبوونەوەکە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی، "هاوڕابووین لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و بەهێزترکردنی پەیوەندیی و دۆستایەتیی و هاپەیمانیەتی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، و بە تایبەتی پەرەپێدانی لە بواری بازرگانی و فراوانکردنی زیاتری وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان لە هەرێمی کوردستان."
هەروەها لە نوسینەکەدا ئاماژەدراوە کە "جەختمان لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد."
بارزانی دەشڵێت باسیان لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و "پاراستن و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی و شایستە داراییەکان" و "تەرخانکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە" کردووە.
ئەم دیدارە لە دوای کشانەوەی فەرمی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا دێت.