جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندنی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە مێژوویی ناو برد و دڵنیایی دا "جارێکی تر پێشمەرگەی یەکێتی و پارتی ڕووبەڕووی یەکتر نابنەوە."
جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی ڕۆژی سێشەممە لە هەولێر، لە کاتی بەشداریکردنی لە دیدارێکی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە ئەم لێدوانەی دا.
قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، "دڵنیام گەرەنتی هەیە کە جارێکی تر پێشمەرگەی یەکێتی و پارتی ڕووبەڕووی یەکتر نابنەوە."
تاڵەبانی لە بەردەم سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی و چەندین بەرپرسی تر ڕایگەیاند، "سەرکردە سیاسییەکانیش بڕیار بدەن، باوەڕ ناکەم ئەو پێشمەرگانە جارێکی تر تەقە لە یەکتری بکەن و بە قسەی سەرکردایەتییە سیاسییەکان بکەن."
بۆ کۆتاییهێنان بە دابەشبوونی چەندین ساڵەی هێزەکانی پێشمەرگە و لێکەوتەکانی شەڕی ناوخۆ، ڕۆژی دووشەممە 21ـی مانگی نۆی ساڵی 2026، لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، یەکخستنی تەواوەتی هێزی پێشمەرگە ڕاگەیێندرا.
وەزیری پێشمەرگە شۆڕش ئیسماعیل ڕۆژی 4ـی دە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی تەلەفزیۆنی دەنگی ئەمەریکادا ڕایگەیاند "پێشمەرگە یەکی گرتووەتەوە بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نایەت کە بێ کەموکوڕییە." شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی دا بەوەی دابەشکاری دەڤەری یەک و دوو "لەسەر بنەمای سەربازییە نەک حزبی یاخود دوو زۆنی جیاواز."
قوباد تاڵەبانی لە پەیامەکانی ئەمڕۆییدا ئەوەی دووپات کردەوە کە پرۆسەکە پێویستی بە کاری زیاتر هەیە و تەواو نەبووە.
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کاراکردنەوەی پەرلەمان، تاڵەبانی ڕایگەیاند چەندین دانیشتن لە نێوان پارتی و یەکێتی کراون و دانیشتنەکان بەردەوام دەبن "بەڵام گرنگ دەرەنجامە."
کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەی لەگەڵ سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی بە ئەرێنی دانا. سەرەڕای ئاماژەکردن بە هەبوونی "هەڵەتێگەیشتن بەرامبەر یەکتر،" بەڵام وتی کێشەکانی نێوانیان تایبەتی نین و "ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە لەم کۆبوونەوەیەدا باسمان لە شێوازی حکومڕانی هەرێم بۆ ئەم قۆناغە کرد."