سەرۆک ترامپ: حوسییەکان زۆر بە خراپی ڕەفتار دەکەن

ئەمڕۆ سێشەممە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هێرشی کردە سەر جوڵەکانی ئەم دواییەی گرووپی حوسییەکان و بە هەوڵدان بۆ بەرزکردنەی نرخی نەوت تۆمەتباری کردن.

ترامپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نوسیویەتی، "وامزانی وانەیان لەوە وەرگرتووە کە ساڵی پار بۆمببارانی سەختمان کردن و لەسەر داوای خۆیان ڕامانگرت."

بەر لە پۆستەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، سەرۆکی ئەمەریکا لێدوانی بۆ ڕۆژنامەنووسان دا و پرسیاری ئاراستە کرا ئایا داوا لە تورکیا دەکات بەشداری لە هێرشی وەڵامدەرەوە بۆ سەر حوسییەکان بکات؟ ترامپ لە وەڵامدا وتی، "ڕەنگە ئەوە بکەم. سەرۆک ئەردۆغان هاوڕێیەکی نزیکی منە و ڕێزێکی زۆرم بۆی هەیە. پێم وایە سەرۆک ئەردۆغان ئەوە دەکات کە داوای لێ دەکەم. ڕێزی زۆرم بۆی هەیە."

هەروەها لە نوسینەکەی سەر پلاتفۆرمی تروس، ئاماژە بەوەدەکات کە پێدەچێت حوسییەکان لەبری ئێران و بە مەبەستی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت و کارکرنە سەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی مانگی داهاتووی ئەمەریکا ئەو کارەبکەن. ڕایگەیاند، "بەشێوەیەکی زۆر قێزەون لە سعودیە دەدەن و بەمەبەست دەیانەوێت نرخی نەوت بەرزبکەنەوە، ڕەنگە بەر لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا."

ترامپ دووپاتی دەکاتەوە کە ئەمە کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی نابێت و دەڵێت "دەبێت یەکێک بۆ حوسییەکانی ڕوونبکاتەوە کە من بەشدار نیم لە هەڵبژاردنەکاندا، چونکە پێشتر زۆر بەهێزەوە بردمەوە، بەڵام دوای هەڵبژاردنیش هەر سەرۆکی ئەمەریکا دەبم و هەرگیز ئەوەم لەبیر ناچێتەوە."

لە چەند هەفتەی رابردوودا هێرشی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە و بە تایبەت فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتە زیادیانکردووە. ئەمڕۆ لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا سعودییە هێرشی کردە سەر سەنعای پایتەختی یەمەن کە بەدەست حوسییەکانیەوەیە و ئەوانیش بەڵێنی تۆڵەکردنەوەیان دا.

سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکی تری تروسدا پیرۆزبایی یادی 251 ساڵەی دامەزراندنی هێزی دەریایی ئەمەریکای کرد و ئاماژەی دا بە "دیواری پۆڵاینی" گەمارۆکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران لە گەرووی هورمز. ڕایگەیاند ئەم گەمارۆیە "سەرکەوتنێکی مێژوویی ترە."

هەر ئەمڕۆ لەبارەی ئێران، سەرۆک ترامپ لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، "ئێران دەوڵەتێکی شکستخواردووە، ئابوورییان نەماوە، هەڵاوسانی 300%یان هەیە، پارەیان نییە، مووچەی سەربازەکانیان نادەن... زۆر بە زوویی بڕیارێک لەبارەی ئێرانەوە دەدەین."