ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ بڵاویکردووەتەوە بەرپرسانی ئێران بەشێوەیەکی گشتی و هەروەها لە گفتوگۆ تایبەتیەکانیاندا هۆشدارییان داوە لەوەی ئەگەر ئەمەریکا هێرشی نوێ دەستپێبکات، وەڵامەکەی پەرەسەندنی گرژییەکان دەبێت لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاندووە کۆماری ئیسلامی دەتوانێت ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و هەروەها ناوەندەکانی داتا و کێبڵی ئینتەرنێت لە ناوچەکە بکاتە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکان تاران هۆشداری داوەتە بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی کە دەتوانێت ئامانجە ناوچەییەکان بکاتە ئامانج، لەنێویاندا دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە. هەروەها ژمارەیەک بەرپرس ئاماژەیان بە ئەگەری لەشکرکێشی زەمینی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ کردووە.
بە وتەی کەسانی ئاگادار لەو بابەتە، کۆماری ئیسلامی بە نێوەندگیرانی ڕاگەیاندووە کە بە شێوەیەکی قورستر سەربازانی ئەمەریکا دەکاتە ئامانج و هەوڵی نوقمکردنی کەشتییە ئەمەریکییەکان و کوشتنی تیمەکانیان دەدات.
ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆماری ئیسلامی ئەو وەستانەی لە شەڕدا بەکار هێناوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی کارگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پڕکردنەوەی جبەخانەکانی.
ڕۆژنامەکە نووسیویەتی کۆماری ئیسلامی توانایەکی کەمی هەیە بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا و بۆمب هاوێژ و مووشەکەکانی و ئەمەش وایکردووە زیاتر پشت بە هەڕەشە کردن ببەستێت.