ئەمەریکا و چەندین وڵات سەرکۆنەی پیلانی هێرشی ئێرانیان بۆ سەر بنکەی ڕاف فێرفۆرد لە بەریتانیا کرد

ئەمڕۆ دووشەممە ئەمەریکا و 28 وڵاتی دیکە لە بەیاننامەیەکدا "بە توندی" ئیدانەی بەکارهێنانی هێرشی توندوتیژییان لەلایەن ئێرانەوە کرد، ئەمەش پاش ئەوەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بە پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە ئێران لە پشت پیلانی هێرشەکەی سەر بنکەی ئاسمانیی ڕاف فێرفۆرد بووە.

ئاندی بێرنام، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕایگەیاند کە ڕووداوە ئاسایشییەکەی بنکەی سەربازیی راڤ فێرفۆردی ئینگلتەرا "تاڕادەیەک بەبێ گومان" لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ئاراستە کراوە.

بێرنام پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئاماژەی بەهێز هەن کە ئێران پەیوەندی بە پیلانی هێرشکردنەکەوە هەبووە کە مانگی ڕابردوو کرایە سەر بنکەی ئاسمانی ڕاڤ فێرفۆرد کە لەلایەن ئەمەریکاوە بەکارهێنراوە لە پرۆسە سەربازییەکانیدا.

دوای ڕاگەیاندنەکەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئەمەریکا و 28 وڵاتی دیکەی هاوپەیمان لە بەیاننامەکەیاندا بەتوندی ئێرانیان سەرکۆنەکرد لەپای "بەکارهێنانی هێرشی توندوتیژانە کە کردەی پیلانگێڕیی کوشندە و سوتاندن و تێکدان و هێرشی سایبەر و چالاکیی تێکەڵەی دیکەی لە دژی ئێمە وڵاتە دۆستەکانمان."

هەروەها بەیاننامە هاوبەشەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە "بەریتانیا گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەم ڕووداوە دەری دەخات سوپای پاسداران بەردەوامە لە ویستی بۆ ئەنجامدانی چالاکیی دوژمنکارانە لە دەرەوەی سنورەکانی خۆی لەڕێگەی تۆڕی نهێنی و کارای نزیک لە خۆیەوە."

بیرنام لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا ووتی، "دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە هەڵسەنگاندنەکەمان ئەوەیە ئەگەری زۆرە لەلایەن ئێرانەوە هەماهەنگی کرابێت، و تاڕادەیەکی زۆریش دڵنیایین لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ئاراستەکراوە." و هەروەها وتیشی "ئێمە ئەم هەڕەشانە لەسەر خاکی خۆمان قبوڵ ناکەین."

لە کۆتایی بەیاننامە هاوبەشەکەشدا هۆشداریی دراوە بە هەموو ئەو کەسانەی لە بری ئێران چالاکی دوژمنکارانە ئەنجامدەدەن کە ڕووبەڕووی دادگاییکردن دەبنەوە و ئێرانیشی ئاگادارکردۆتەوە کە "ئێمە یەکگرتووین و پابەندیشین بە پاراستنی سەروەرییمان و بەهێزکردنی هاریکاریی نێودەوڵەتیمانەوە." و هەروەها ئەوە هاتووە کە "دڵنیاییش دەدەینە ئەوانەی بەرپرسیارن، باجەکەی دەدەن."

پۆلیس پێشتر حەوت کەسیان بەتۆمەتی ئەو پیلانە دەستگیر کردبوو و بە کەفالەت ئازادکران و هیچکامیان تاوەکو ئێستا تۆمەتیان ڕووبەڕوو نەکراوەتەوە.

ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی نزیک بنکەکە لە 27ـی مانگی نۆدا داوایان لێکرا ماڵەکانیان چۆڵ بکەن کاتێک پۆلیسی چەکدار و شارەزایانی پوچەڵکردنەوەی بۆمب چوونە شوێنەکە. ئەو کات پۆلیس ڕایگەیاند کە بڕێک بەنزینیان لە سێ ئۆتۆمبێلی جۆری ڤان دۆزیوەتەوە کە پەیوەندییان بە پێنج گومانلێکراوی سەرەکییەوە هەبووە، بەڵام تەقینەوەیان نەدۆزیوەتەوە.

سەرجەم دەستگیرکراوەکان لە بیستەکانی تەمەنیاندا بوون و شەشیان هاونیشتمانی بەریتانی بوون و تەنیا یەکێکیان هاووڵاتی بەریتانیایی و ئێرانی بووە.

ڕۆژی دوو شەممە حکومەتی بەریتانیا باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشت کرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبارەی "هەوڵە بەردەوامەکانی ئێران بۆ بوونە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی بەریتانیا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی لەڕێگەی تۆڕە تاوانکارییەکان، گروپە پەیوەستەکان و چالاکی شەڕانگێزانەی دەوڵەتیی."

هەفتەی رابردوو ئەمەریکا فڕۆکەکانی لە بنکەی راف فێرفۆرد کشانەوە، و بەڕێوەبەرایەتی ترامپ ڕایگەیاند کە بڕوای وایە بنکەکە ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئێران بۆتەوە کە مەبەستی لێیان کوشتنی زۆرترین ژمارە سەربازی ئەمەریکایی و تێکشکاندنی زۆرترین ژمارەی فڕۆکەی ئەمەریکا بووە.