سەرچاوە ئەمنی و ئاسایشییەکانی تورکیا ڕایانگەیاندووە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چوار کەمپی ئەو پارتە لە هەرێمی کوردستان کشاونەتەوە، ئەمەش بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە یەکەم هەنگاوە بەرەو هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە و نیشانەی بەردەوامی پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکەیە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، هێزەکانی پەکەکە ڕۆژی پێنجشەممە لە کەمپەکانی خەبات، یاژک، سەبری و ساسۆن لە ناوچەی بازێ لە مەتینا لە هەرێمی کوردستان دەستیان بە کشانەوە کردووە.
پەرلەمانی تورکیا لە مانگی هەشتدا یاسایەکی دەرکرد بۆ دیاریکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە. یاسای چوارچێوە بەشێکە لە پرۆسەی ئاشتی کە ئامانج لێی کۆتایی هێنان بە ململانێی دەیان ساڵەی نێوان تورکیا و پەکەکەیە.
یاساکە پارێزگاری یاسایی بۆ ژمارەیەک ئەندامی پێشووی پەکەکە دابین دەکات و بەشێکی دیکەشیان ناگرێتەوە و بە گوێرەی دوایین چاوپێکەوتنی موراد قەرەیلان، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل، یاسای چوارچێوە رێگە بە ئەو و فەرماندەکانی دیکەی نێو پەکەکە نادات بگەڕێنەوە نیو تورکیا.
پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024 دەستیپێکرد، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵدا بەهۆی شەڕی ئێران و نیگەرانییەکان لە ناسەقامگیریی ناوچەکە نزیک بوو لە وەستان.
موراد قەرەیلان هەروەها لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئەمارگی، پرۆسەی ئاشتەوایی نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیای بە دەرفەتێک ناو بردووە بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکی دەیان ساڵە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە چارەسەرکردنی پرسی کورد پێویستی بە گۆڕانکاری سیاسی و یاسایی هەیە لە تورکیا.
بەڵام قەرەیلان پێی وایە ئاشتییەکی بەردەوام بە تەنیا بە کردەوەی تاکلایەنە لەلایەن پەکەکەوە بەدی نایەت، بەڵکو دەبێت حکومەتی تورکیاش هەنگاوی کردەیی بنێت، لەوانە دابینکردنی زەمینەی یاسایی بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی، داننان بە مافەکانی کورد و داڕشتنی دەستوورێکی دیموکراسی کە ماف و شوناسیان مسۆگەر بکات.
قەرەیلان هەروەها ڕەخنەی لە بەردەوامی دەستبەسەرکردن و سنووردارکردنی سیاسی لە تورکیا گرت و ڕایگەیاند کە دیموکراسیکردنی سیستەمی سیاسی وڵات بۆ پێشخستنی ئاشتەوایی و یەکگرتنی دیموکراسی کورد زۆر پێویستە.
لەو چاوپێکەوتنەدا قەرەیلان کشانەوەی هێزەکانی پەکەکەی لە ناوچەی مەتینا پشتڕاستکردەوە و بە هەنگاوێک بە ئاراستەی پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی و نیشاندانی نیازپاکی پارتەکەی ناوبرد.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە ساڵانێک لە ململانێکان وتی نە حکومەتی تورکیا و نە پەکەکە نەیانتوانیوە لە ڕێگەی سەربازییەوە بە ئامانجەکانیان بگەن و جەختیشی لەوە کردەوە کە بەردەوامیی ڕێگاکە دەبێت لەسەر بنەمای ڕێوشوێنی بەرامبەر و گەرەنتی یاسایی بێت.
بە وتەی قەرەیلان بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتەوایی سەربکەوێت، پێویستە حکومەتی تورکیا هەلومەرجی پێویست بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی پڕۆسەی چەکداماڵین دروست بکات و لە بەرامبەر هەنگاوەکانی پەکەکەدا هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی و مافەکانی کورد.
قەرەیلان هەروەها هۆشداریدا لەوەی دژایەتیی کردنی باڵێک لەنێو حکومەتی تورکیا بۆ پرۆسەی ئاشتی دەتوانێت ڕێگری لە بە ئەنجام گەیاندنی پڕۆسەکە بکات.
تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا پەکەکەیان خستوەتە نێو لیستی تیرۆریستیەوە. پەکەکە لە ساڵی 1984 خەباتی چەکداری دەستپێکرد و لەسەرەتا ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی بوو لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، بەڵام لەو کاتەوە سەرنجی خۆی گۆڕیوە بۆ داواکردنی ئۆتۆنۆمی و مافی سیاسی بۆ کورد.