حوسییەکان جارێکی دیکە فڕۆکەخانەی ڕیاز دەکەنە ئامانج

لە کاتێکدا سەرکۆنە کردنی هێرشە کوشندەکانی ڕۆژی شەممەی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر ڕیازی پایتەختی سعودیە بەردەوامە، ڕۆژی یەکشەممە 11ـێ مانگی دە جارێکی دیکە فڕۆکەخانەی ڕیاز کرایەوە ئامانج.

هاوپەیمانی سەربازی بە سەرۆکایەتی سعودیە لە یەمەن ڕایگەیاندووە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ڕیازی جارێکی دیکە کراوەتەوە ئامانج.

ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ڕیاز ئەنجامدرا کە حوسییەکانی یەمەن تەنها چەند کاتژمێرێک دواتر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان لە ئەستۆ گرت کە تێیدا لانیکەم 12 کەس کوژران و زیاتر لە 300 برینداریشی لێکەوتەوە.

هاوپەیمانی سەربازی بە سەرۆکایەتی سعودیە هێرشەکەی بە "تاوانی جەنگی" ناوی برد و بەڵێنی "وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە"ی دا و دوای ئەمەش ئەمڕۆ یەکشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان دەستپێکردەوە.

سعودیە، میسر، پاکستان و تورکیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە. ئەو چوار وڵاتە بە ئاماژەدان بە هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی مەلیک خالید لە ڕیاز جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت دەستبەجێ و بێ مەرج ئەو هێرشانە بوەستێنرێت.

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا هێرشی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مەلیک خالید لە ڕیاز بە ترسناک ناوبرد و وتی لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە قسە دەکات و هەڵسەنگاندن بۆ بەشداریکردن لە شەڕی دژی حوسییەکان دەکات.