دوناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاندا لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی ڕیاز دەکۆڵێتەوە پێش ئەوەی بڕیار لەسەر هەر بەشدارییەکی ئەمەریکا لە کردە سەربازییەکانی سعودیە دژی حوسییەکانی یەمەن بدات. هێرشەکە بووە هۆی برینداربوونی چەند کەسێک و ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە بە شێوەیەکی کاتی.
ئەم هێرشە لە کاتێکدا ڕوویدا کە هێرشی مووشەکی و فرۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە لە زیادبووندان.
لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە ئامادەیی ئەمەریکا بۆ چوونەپاڵ سعودیە دژی حوسییەکان، سەرۆک ترامپ وتی کە هێشتا بڕیاری نەداوە و وتیشی "لەوانەیە. لە مەسەلەکە دەکۆڵینەوە. تازە بە ئەم هێرشەمان زانیوە. بۆیە بڕیار دەدەین. زۆر بە خێرایی هەنگاوی داهاتوو بنێین."
بەگوێرەی وتەی چەند شایەتحاڵێک و کەسانی ئاگادار، ئەمڕۆ شەممە دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شا خالید لە ڕیازی پایتەختی سعودیە بیسترا.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ڕیاز ئاماژەی بە هێرشەکان کرد و هۆشداریی داوە بە هاووڵاتییە ئەمەریکاییەکان دوور بکەونەوە لە فڕۆکەخانەکە و ناوچەکانی دەوروبەری.
فڕۆکەخانەکەش داوای لە گەشتیاران کردووە پێش ئەوەی بەڕێبکەون بۆ فڕۆکەخانە پەیوەندی بە هێڵە ئاسمانییەکانەوە بکەن تاوەکو بزانن گەشتەکانیان هەڵوەشاوەتەوە یان نا.
هێڵی ئاسمانیی ئیتیحاد و قەتەر چەندین گەشتیان بەرەو فڕۆکەخانەی ڕیاز هەڵوەشاندەوە و گەشتەکانیان تاوەکو رۆژی دوو شەممە ڕادەگرن.
تەقینەوەکەی ئەمڕۆ لەپاش ئەو هێرشانە دێن کە هەفتەی ڕابردوو کرانە سەر فڕۆکەخانەی ڕیاز و کوژرانی چوار کەس و برینداربوونی چەندین کەسی دیکەی لێکەوتەوە و بووە مایەی تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی سعودی.
ئەو هێرشانەش بوونە مایەی ئەوەی چەندین هێڵی ئاسمانیی گەشتەکانیان بۆ پایتەختی سعودیە هەڵبوەشێننەوە، ئەمەش لە کاتێکدابوو کە ڕیاز خۆی ئامادەدەکات بۆ پێشوازیکردن لە کۆنفرانسێکی گەورەی وزە و وەبەرهێنان.