دەزگای دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان هەواڵی هێرشێکی درۆنی لە نزیک هەولێر پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کەمپی ئاوارەکانی ڕۆژهەڵات لە کەورگۆسکی کراوەتە ئامانج.
دژەتیرۆری کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، "ئەمشەو پێنجشەممە 8ـی دەی 2026، کاتژمێر: 22:19، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر کامپی ئاوارەکانی ڕۆژهەڵات لە کەورگۆسکی سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر."
دەشڵێت، "خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە."
بەر لەم بڵاوکراوەیەی دژەتیرۆر، بەرپرسێکی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بە دەنگی ئەمەریکا وت کە لە ڕێگەی درۆنەوە هێرش کراوەتە سەر بارەگایەکیان لە تۆپزاوای هەولێر.
ئەفسانە ڕەحیمی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هێرشەکە کەمێک بەر لە ئێستا بە دوو درۆنەوە کرایە سەر بارەگای سازمانی خەبات لە ناحیەی ڕزگاری لە تۆپزاوا."
هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ لایەنێک بەرپرسارێتی ئەم هێرشەی لەئەستۆ نەگرتووە. بەڵام گومان دەکرێت کۆماری ئیسلامی ئێران یان چەکدارانی حەشدی شەعبی لەپشت ڕووداوەکە بن.