بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر بارەگای سازمانی خەبات لە نزیک هەولێر

بەرپرسێکی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بۆ دەنگی ئەمەریکا ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە لە ڕێگەی درۆنەوە هێرش کراوەتە سەر بارەگایەکیان لە تۆپزاوای هەولێر.

هێرشەکە درەنگانێکی ئێوارەی 8ـی دەی 2026 بە کاتی هەولێر ئەنجام دراوە. هیچ زیانێکی گیانی نەبووە بەڵام بووەتە هۆی زیانی ماڵی و ترس و دڵەڕاوکێ لەناو خەڵکی ناوچەکە.

ئەفسانە ڕەحیمی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هێرشەکە کەمێک بەر لە ئێستا بە دوو درۆنەوە کرایە سەر بارەگای سازمانی خەبات لە ناحیەی ڕزگاری لە تۆپزاوا."

وتیشی، "بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە تەنها زیانی ماڵی هەبووە."

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، دەنگی ئەمەریکا نەیتوانیوە سەربەخۆ زیانەکانی ئەم هێرشە پشتڕاست بکاتەوە. بەرپرسانی هەولێر و هەرێمی کوردستان تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمییان بڵاو نەکردووەتەوە.