پەکەکە دەڵێت تورکیا بۆ پرۆسەی ئاشتی هەنگاوی پێویستی نەناوە

دیمەنی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی پەکەکە لە 26ـی دەی 2025.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەمڕۆ پێنجشەممە کشاندنەوەی سەرجەم چەکدارەکانی لە تورکیا و چۆڵکردنی چەندین تونێلی لە نزیک سنوری تورکیا ڕاگەیاند، وەک هەنگاوێک بۆ پیشاندانی ویستی ئەوان بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی.

بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی لە بەیاننامەیەکدا چۆڵکردنی چوار تونێل و پێگەی جەنگـی لەسەر چیای مەتینا لە ڕۆژئاوای زاپ ڕاگەیاند، "بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا وەک هەڕەشە سەیریان نەکات."

سەرکردایەتی پەکەکە دەڵێت سەرەڕای کشانەوەی سەرجەم هێزەکانیان، بەڵام حکومەتی تورکیا هەنگاوی زیاتری بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی نەناوە.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئیتر هیچ ئاستەنگ و بیانوویەک لە بەردەم ئازادی ئۆجەلان و هەنگاوە یاساییە بۆ ئازادکردنی نەماون."

بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ده‌شڵێت، "دەوڵەتی تورک ئیدی بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت باسی مەترسییەکی چەکداری لەسەر تورکیا بکات. وەک تەڤگەری ئازادی جۆرە هەنگاوێکی چارەسەرییمان بۆ پرسەکە ناوە کە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نەبینراوە، ئەگەر مانا و بەهای ئەم هەنگاوانە نەزانرێت، بە تایبەتی لە پرسی ئازادیی ڕێبەرمان و لە بابەتی یاساکانی ئازادیدا هەنگاو نەنرێت، ئەمە ئەو مانایە دەگەیەنێت کە دەوڵەتی تورک سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردنی سەد ساڵەی خۆی درێژە پێ دەدات."

ئەمە لە کاتێکدایە سەرەتای ئەم مانگە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کاتی دەستپێکردنەوەی وەرزێکی نوێی کاری پەرلەمانی ئەو وڵاتە ستایشی پەسەندکردنی یاسای "تورکیای بێ تیرۆر"ـی لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە کرد و ڕایگەیاند پرۆسەکە پێگەی تورکیای بەهێزتر کردووە.

ئەردۆغان بە پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی وت، "وەک لە چوارچێوەی یاسادا پێناسە کراوە، پرۆسەی چاودێری هەیە. کاتێک هەنگاوی پێویست دەگیرێتە بەر، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان هەرچی پێویست بێت دەیکەن."

سەرۆکی تورکیا وردەکارییەکانی ئەو هەنگاوە پێویستانەی ڕوون نەکردەوە کە دەبێت پێش دەستپێکردنی قۆناغی داهاتوو بگیرێنە بەر. هەروەها کات و بەرنامەیەکی دیاریکراوی بۆ حکومەتەکەی بۆ قۆناغی داهاتووی پرۆسەکە دیاری نەکرد. بەڵام وتی پرۆسەکە بە کارکردن و ئیرادەیەکی بەهێزەوە گەیشتووەتە قۆناغی ئێستا. پرۆسەکەی بە بەشێک لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ بنیاتنانی پێکەوەژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەسفکرد و بە "مامەڵەیەکی گەورەی تورکیا" ناوی برد.