نۆبێڵی ئەدەب بەخشرایە ژنە نوسەرێکی کەنەدایی

نوسەر و شاعیری کەنەدا ئان کارسن.

نوسەر و شاعیری کەنەدا ئان کارسن ئەمڕۆ پێنجشەممە خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبی پێ بەخشرا، بە هۆی ئەوەی بە "کارە ئازا و داهێنەرەکانییەوە فۆرمێکی نوێی بۆ ئەدەبی هاوچەرخ بەدی هێناوە."

نوسینەکانی ئان کارسن تێکەڵەیەکن لە شیعر و وتار و خەیاڵ، و لە بەشێکی زۆکاری کارەکانیدا دەقە دێرینەکانی یۆنان و ڕۆمای لەگەڵ تێمای نوێدا تێکەڵ کردووە.

ئەندرێس ئۆڵسن، سەرۆکی کۆمیتەی خەڵاتی نۆبێڵ، لەم بارەوە دەڵێت، "ئەم ڕێبازەی نوسین دەبێتە مایەی کاری خۆشیبەخش و توانجاوی کە نەک تەنها لەنێوان کلاسیک و مۆدێرن دێت و دەچێت بەڵکو لەنێوان ژانرا و شێوە هونەرییە جیاوازەکانیشدایە."

هەندێک لە باشترین کارەکانی کارسن بریتیین لە "ئیرۆسی تاڵ وشیرین"، "بیرەوەرییەکانی سور"، "پیاوان لە دەرەوەی کار" ، "نۆرما جین بەیکەری تەروادە".

هەروەها ئۆڵسن ستایشی کارەکانی کارسنی کرد لە وەرگێڕانی زمانی یۆنانی و هاوکارییەکانی لە هونەری بینراو و سەما و ئۆپێرا و شانۆش.

خەڵاتەکە 1.2 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکاییە.

پێشتر خەڵاتەکانی نۆبێڵ لە بوارەکانی پزیشکی، فیزیا، و کیمیا ڕاگەیەندران. خەڵاتی نۆبێڵ بۆ ئاشتی ڕۆژی هەینی ڕادەگەیەندرێت و پاش ئەویش دوا خەڵات لە بواری ئابوریدا ڕۆژی دووشەممە ڕادەگەیەنرێت.