ترامپ: ڕووسیا لە بارەی ئەگەری بڵاوبوونەوەی تاعوونەوە زانیاریی ئەوتۆی نەخستووەتە ڕوو

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە کۆشکی سپی لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە هەبوونی زانیاری لەسەر کەیسی مردنی کەسێک لە ڕووسیا کە گومان دەکرێت بە هۆی تاعوونەوە بووبێت گوتی ''ئێستا ڕووسیا هیچی ئەوتۆ ناڵێت،'' بۆیە زانیارییەکانیان لەو بارەیەوە سنووردارن.

سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند، "ڕووسەکان دەڵێن بەسەر دۆخەکەدا زاڵن. خەڵکانێک پێشتریش بابەتی لەم جۆرەیان وروژاندووە. ئێمە هیواخوازین زۆر بە وریایی و وردی و ژیرانەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.''

نەبوونی زانیاریی ورد لە بارەی کەیسی مردنی کەسێک لە ڕووسیا، کە لە تاقیگەیەکی لێکۆڵینەوە لە نەخۆشیی تاعوون گیانی لەدەست دا، جیهان و بەرپرسانی تەندرووستی سەرقاڵ کردووە.

لای خۆیەوە ڕێکخراوی چاودێری تەندروستیی ڕووسیا ڕەتیکردەوە کەسی دووەم تووشی تاعوون بوبێت و هەواڵەکەی بە ناڕاست لە قەڵەم دا. دەزگاکە هەموو ڕاپۆرتەکانی دەربارەی کەیسی دووەم ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاند پشکنینی بۆ هەموو ئەو کەسانە کردووە کە بەرکەوتنیان لەگەڵ کەیسە گوماناوییەکەدا هەبووە و دەرکەوتووە هیچیان میکرۆبی پەتاکەیان نەبووە.

دمتری پێسکۆڤ گوتەبێژی کۆشکی کرملین لەو بارەیەوە گوتی، ''ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە بابەتەکە ئاگادار کراوەتەوە و زانیاری پێ دراوە.''

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی باسی ئەگەری تۆمارکردنی توشبووی دووەم دەکات و هەروەها دەڵێت زانیاریی وردیان لەو بارەیەوە بەدەست نەگەییشتووە.

تێدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی دەڵێت، ''کۆماری فیدڕاڵیی ڕووسیا دوێنێ وەڵامی داینەوە و دەڵێن کە ڕووسیا هیچ کەیسێکی تاعوونی لە هەرێمی ئیرکوتسک تۆمار نەکردووە بەڵام 200 کەس کە پەیوەندییان بە مردووەکەوە هەبووە خراونەتە ژێر کەرەنتینەوە.''

هەروەها ماریا ڤان کیرۆڤ، بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پەتا و پاندێمی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەبارەت بە مردنی کەسی یەکەم دەڵێت، ''لە ئێستادا ئێمە هۆکاری مردنی ئەم ژنە نازانین. بەڕاستی دەمانەوێت باشتر لێی تێبگەین.''

چاودێرانی تەندرووستی دەڵێن کە ناڕوونییەک لەو بابەتەدا هەیە، ئەمەش نادڵنیایی و ترسی ئەگەری بڵاوبوونەوەی تاعوونی زیاد کردووە.