میدیای ئەمەریکا: بەڕێوبەرایەتی ترامپ تاوتوێی پلانی هێرشی دووبارە بۆ سەر ئێران دەکات

دوو دەزگای میدیایی ئەمەریکایی بڵاویان کردووەتەوە بەڕێوبەرایەتی دۆناڵد ترامپ بژاردەی دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران ئامادە دەکات و دەڵێن ئەگەری ئەنجامدانی بەشێک لەو هێرشانەش تەنانەت لەوانەیە پێش هەڵبژاردنی میدتێرمی کۆنگرێسی ئەمەریکا بێت.

ئاژانسی ئەکسیۆس و ئەتڵەنتیک ڕۆژی چوارشەممە 4ی مانگی دە، بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکا ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردووەتەوە کە باس لەوە دەکات هێشتا بڕیاری کۆتایی بۆ دەستپێکردنی هێرشەکان نەدراوە، بەڵام پنتاگۆن و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم، ئەرکی ئامادەکردنی بژاردەی سەربازییان پێ سپێردراوە.

ئەکسیۆس باس لەوە دەکات کە پنتاگۆن چەند ڕۆژێک لەمەوبەر فەرمانی بە سێنتکۆم کردووە کە ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکان دژی ئێران تەواو بکات، بەڵام لە فەرمانەکەدا وادەیەکی دیاریکراوی بۆ دەستپێکردنی هێرشەکان دیاری نەکراوە.

سەرچاوە ئەمەریکایی و ئیسرائیلییەکان بە ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندووە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن هەیە پێش هەڵبژاردنی کۆنگرێس لە سێی مانگی یازدە و تەنانەت ڕەنگە پێش هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل لە 27ی مانگی دەی ئەمساڵیش بێت.

بەڵام بەرپرسێکی ئیسرائیلی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەکان پێش هەڵبژاردنەکان زۆر نییە، بەڵکو دوای هەڵبژاردنی کۆنگرێسی ئەمەریکا، ئەگەرەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی خۆی نووسیویەتی ئەگەر ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەکان دەستپێبکرێنەوە، پێشبینی دەکرێت دامەزراوەکانی وزە و ژێرخانی ئێران و دامەزراوە ئەتۆمییەکان بکرێنە ئامانج.

هاوکات ئەتڵەنتیک بە پشتبەستن بە دوو بەرپرسی حکومەتی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە کۆشکی سپی داوای لە پنتاگۆن کردووە بژاردە بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران ئامادە بکات کە ئەگەری هەیە پێش هەڵبژاردنی کۆنگرێسی ئەمەریکا ئەنجام بدرێت.

بەپێی راپۆرتەکەی ئەتڵەنتیک، یەکێک لە سیناریۆکان کە لەبەرچاو دەگیرێت ئەوەیە کە پێش هەڵبژاردن هێرشی سنووردار ئەنجام بدرێت و لەوانەیە دوای هەڵبژاردنەکان ئۆپەراسیۆنی گەورەتریش بەڕێوەبچێت، هەرچەندە ناکۆکی لەناو حکومەتی ئەمەریکادا هەیە سەبارەت بە کات و مەودا و دەرئەنجامەکانی هەنگاوێکی لەو شێوەیە.

ڕۆژنامەی ئەتڵەنتیک هەروەها نووسیویەتی ترامپ بە یاریدەدەرەکانی ڕاگەیاندووە کە ئامادەیە جارێکی دیکە هێرش بکاتە سەر ئێران، بەڵام هەندێک لە ڕاوێژکارەکانی پێیان وایە کاتی گونجاو بۆ ئەو کارە دوای هەڵبژاردنی کۆنگرێسی ئەمەریکا دەبێت.