خەڵاتی نۆبێڵی کیمیا ئەمساڵ بەخشرا بە دوو زانستکاری فەرنسی و ژاپۆنی بە هۆی دۆزینەوەکانیان کە بووەتە هۆی پێشکەوتن لە پیشەسازی داودەرمان و تێگەیشتی زیاتر لە سەرچاوەی گەردیلەیی ژیان.
زانای فەرەنسی هێنری کەیگن و زانای ژاپۆنی کێنسۆ سۆوای دۆزینەوەیان کردووە لەبارەی "کاریگەرییەکانی نادوایەکیی و خودکارایی لە دروستکردنی ئۆرگانیی ناهاوتادا."
لە بواری کیمیادا هەندێک لە کارلێکەکان دوو گەردی جیاواز دروستدەکەن. هەریەکە لەو دوو گەردە وێنەی ئاوێنەیی ئەوی دیکەیانە، بەم جووتە لەیەکچووە کە دەقاودەق وەک یەک نین، دەوترێت ناهاوتا.
چەندین دەیەیە زانستکاران دەزانن کە لە ڕووی تیۆرییەوە دەکرێت کارلێکێکی کیمیایی ئەنجام بدەن کە تەنها یەکێک لەو دوو وێنە ئاوێنەییە دروستبکات (نەوەک هەردووکیان)، بەڵام ئەنجامدانی ئەم کارە تەنها بە تیۆری مابووەوە و بەشێوەیەکی کردەیی ئەنجام نەدەدرا.
بۆ تێگەیشتن لەم پرسە ئاڵۆزە کیمیاییە، ئەن سیناریۆیە لەبەرچاو بگرە: بیهێنە بەرچاوت، داوا لە کلیلسازێک دەکەیت کلیلێک دروستبکات. ئەو کلیلسازە هەمیشە دوو کلیل بەرهەم دەهێنێت کە وێنەی ئاوێنەیی یەکدین (واتە ناهاوتا)، بەڵام تەنها یەک دانەیان کێلونەکە دەکاتەوە، و ئەوی دیکەیان ئەگەر بەکار بهێنرێت کێلونەکە خراپ دەکات. بۆ بەدبەختی، جیاکردنەوەی ئەم دوو کلیلە لە یەکتر ئاسان نییە، لەبەر ئەوە تۆ ناچار دەبیت هەردوو کلیلەکە ببەیت.
هەمان ئاڵنگاریی ڕووبەڕووی کیمیاناسان دەبێتەوە کاتێک هەوڵی دروستکردنی دەرمانێکی پزیشکی دەدەن. هەموو گەردەکانی دەرمان بەشێوەی جووت دێنە بوون، کە هەریەکەیان وێنەی ئاوێنەیی هەیە کە وەکو یەکتر نین: یەکێکیان دەبێتە دەرمانی چارەسەرەکە، ئەوی دیکەیان ڕەنگە کاریگەریی ناپێویست یاخود زیانبەخش بخاتەوە.
هۆکاری ئەمەش پەیوەستە بە بنەماکانی کیمیاوە لە ژیاند: کیمیاناسەکان وەسفی ژیاندەکەن وەک هاودەستیی (هۆمۆکایراڵی-HomoChiral)، کە لە دوو وشەی یۆنانی 'هۆمۆ،' واتە هاو یان هەمان، و 'کایرال'، واتە دەست پێکهاتووە. هاوشێوەی دەستەکانی مرۆڤ، هەموو ترشە ئەمینییەکان بە دوو جۆری ئاوێنەیی هەن. بەڵام تەنها یەک دانە لەو دوانە لە پرۆتینی خانەکانی لەشدا هەن، ئەوی دیکەیان بە دەگمەن لە سروشتدا دروستدەبێت. ئەمە بۆ گەردەکانی شەکریش ڕاستە کە بەشێکن لە دی ئێن ئەی. هەمیشە دوو وێنەی ئاوێنەیی ئەو گەردانە هەن، بەڵام ژیانی سروشتی تەنها یەک دانەیان بەکاردەهێنێت.
شارەزایانی بواری کیمیا هەمیشە بیریان لەوە دەکردەوە ئەو هاودەستییە چۆن دێتە بوون. دوو زانستکارەکە کە خەڵاتی نۆبێڵی ئەمساڵیان پێبەخشرا وەڵامی ئەو پرسیارەیان دۆزیەوە.
هێنری کەیگن ڕێگەیەکی نوێی دۆزییەوە بۆ دەستکاریکردنی کارلێکەکان تاوەکو بتوانێت تەنیا یەکێک لەو دوانە بەرهەم بهێنێت. ئەمەش پێشتر بڕوانەدەکرا بکرێت و دۆزینەوەکەی شۆڕشگێڕانەیە بۆ کیمیاناسان کە کارلێکەکان سازدەکەن بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان، تام، بۆن، و ماددەی نوێ.
ئینجا کێنسۆ یەکەم کارلێکی کیمیایی سازدا کە تەنیا یەکێک لە دوو وێنە ئاوێنەییەکە بەرهەم بێت.
بەدەر لە خودی ژیان، تاوەکو ئێستا کەسی دیکە نەیتوانیبوو ئەو ئەنجامە بخولقێنێت.
کارلێکەکە ناونرا کارلێکی سۆوای، کە یەکێکە لە گرنگترین تاقیکردنەوە کیمیاییە نایابەکان کە تاوەکو ئێستا ئەنجامدرابێت.