ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەسەر حاڵەتی مردن بە تاعوون لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا "لە پەیوەندیدایە"

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند "چالاکانە" بەدواداچوون لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ڕووسیا دەکات سەبارەت بە ئەگەری مردنی توێژەرێک بەهۆی تاعوونەوە لە ناوچەی ئیرکوتسکی سیبیریا.

بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە، تیدرۆس ئەدهانۆم غێبریسیەس، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەو ژنە ڕۆژی هەینی ڕابردوو بەهۆی هەوکردنی سەختی سییەکانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە و بەرپرسانی تەندروستی ڕووسیاش بەو ڕێکخراوەیان ڕاگەیاندووە کە حاڵەتی تاعوون نەبووە.

تێدرۆس ئاماژەی بەوەش کرد، بەرپرسانی تەندروستی ڕووسیا پێی ڕاگەیاندوون هیچ نیشانەیەکی ڤایرۆسی مەترسیدار لەنێو ئەو کەسانەدا تۆمار نەکراوە کە بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەو ژنەدا هەبووە.

تێدرۆس جەختی کردەوە، "هاوبەشکردنی زانیاری لە کاتی خۆیدا و بە شێوەیەکی تەواو و شەفاف، بەپێی ڕێساکانی تەندروستی نێودەوڵەتی، زۆر گرنگە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاپۆرتە ناکۆکەکان و ڕێگەدان بە هەڵسەنگاندنی ورد بۆ مەترسییە ئەگەرییەکان لەسەر تەندروستی گشتی."

بەرپرسانی ئەمەریکا نیگەرانی خۆیان سەبارەت بەو پرسە دەربڕیوە و سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی وت کە بەنیازە بەم زووانە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا قسە بکات.

هەروەها مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای کرد ڕووسیا زانیاری زیاتر لەگەڵ جیهاندا هاوبەش بکات و وتی ئەمەریکا بە وردی چاودێری بابەتەکە دەکات.