بەرپرسانی ئەورووپا لە ساڵیادی 7ی ئۆکتۆبەر پەیامی هاوخەمی و دژایەتی دژەجووبوون ڕادەگەیەنن

بەرپرسانی باڵای ئەورووپا لە پەیامی جیاجیادا بە بۆنەی ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژییەکەی 7ی ئۆکتۆبەرەوە، جارێکیتر هاوخەمی خۆیان بۆ قوربانیانی ڕووداوەکە و خێزانەکانیان و کۆمەڵگەی جوو دەردەبڕن و ئەو هێرشە بە بەربەری و تیرۆریستی ناو دەبەن.

کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لە هەژماری خۆی لە ئیکس نووسیویەتی "هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەر کردەوەیەکی بەربەری و تیرۆریستی بوون."

ئاماژەی بەوەشکردووە پێویستە بە توندی هەر جۆرە دژە جووبوونێک لە سەرانسەری ئەورووپادا ڕەت بکەینەوە. "پێویستە کۆمەڵگە جووەکان بتوانن بە ئاشکرا و بە پارێزراوی و بەبێ ترس بژین."

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا وتیشی حەماس ئازارێکی ئێجگار زۆری بە خەڵکی ئیسرائیل گەیاندووە و وێرانکارییەکی بەرفراوانی بەجێهێشتووە و پێویستە حەماس چەک بکرێن بۆ ئەوەی پلانی ئاشتی غەززە بتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت.

هەروەها ئەنتۆنیۆ کۆستا سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس نووسیویەتی "سەری ڕێز و نەوازش بۆ هاووڵاتییانی ئیسرائیلی و هاووڵاتیانی وڵاتانی دیکە دادەنێین کە ئەو ڕۆژە کۆمەڵکوژ کران و هاوخەمی خێزان و کەسە نزیکەکانیان دەبین و هەروەها بریندارەکان و ئەوانەی بە بارمتە گیراون لە بیر ناکەین."

ناوبراو بە جەختکردنەوە لە بەرگریکردنی یەکێتی ئەوروپا لەسەر مافی ئیسرائیل بۆ هەبوونی ژیانێک بە ئاشتی و ئارامی، وتی چارەسەری دوو ولاتی تاکە ڕێگای کردەییە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هەروەها ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە پەیامێکدا ڕایگەیاند "سێ ساڵ بەسەر هێرشە تیرۆریستییە دڕندەکانی حەماس تێپەڕی. سێ ساڵە هاوبەشی خەم و پەژارەی حکومەتی ئیسرائیل و بنەماڵە خەمبارەکانیانین."

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم تاوانە و ناوی قوربانییەکان هەرگیز لەبیر ناکرێن و پابەندبوونی فەرەنسای بە بەرەنگاربوونەوەی دژە جووبوون و تیرۆر لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتێکدای ڕاگەیاند.

هەروەها فریدریش مێرتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی" هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەردا، وەرچەرخانێکی بە ئازار بوو. ئێمە ڕێز لە یادی قوربانیان دەگرین و هاوبەشی خەمەکانیانین."

ئاماژەی بەوەشکردووە پێویستە بە توندی دژی دژە جووبوون بوەستینەوە و جووەکان دەبێ بتوانن بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ بژین."

هەروەها ئەندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە دەرئەنجامەکانی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر نەک تەنها لە ئیسرائیل، بەڵکو بەسەر جووەکان لە سەرانسەری جیهان هەستیان پێکراوە."

ناوبراو بە ئاماژەدان بە "بەرزبوونەوەی نیگەرانکەری ڕەفتاری دژەجوو لە بەریتانیا" جەختی لەوە کردەوە "دەمەوێت کۆمەڵگەی جووەکانی بەریتانیا ئەم پەیامە ڕاستەوخۆ لە منەوە ببیستن کە ئێمە لەگەڵ ئێوەدا وەستاوین. سووکایەتی و توندوتیژی دژی ئێوە، بە هەر شێوەیەک بێت، تەحەمول ناکرێت بۆمان."

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا وتیشی هێرشکردنە سەر جووەکان لە بەریتانیا هێرشکردنە سەر هەموومان، دژە جووبوون لەم وڵاتەدا جێگای نابێتەوە و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بنبڕکردنی.